باج خراوەتە سەر هاوردە

ئەگەری گرانبوونی نرخی تەماتە هەیە

964+

پێشەوا محەمەد

بەهۆی پێنەگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ و دانانی باج لەسەر هاوردەکردنی، باس لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی 964 وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە 10ـی ئەم مانگەوە باجی خستووەتە سەر هاوردەکردنی هەریەکە لە بەرهەمەکانی تەماتە و شووتی، بە مەبەستی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی لە سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی کەشوهەواوە ئەمساڵ پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی ناوخۆ دواکەوتووە و تا ئێستا بەرهەمەکە وەک پێویست نایەتە بازاڕ.

وتیشی، “ئێستا تەماتە لە کۆگاکاندا هەیە کە پێشتر هاوردە کراوە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە لە هەفتەی داهاتوودا نرخی تەماتە بەرز دەبێتەوە”.

ئێستا نرخی تەماتە لە عەلوە لەنێوان 500 بۆ 750 دیناردایە و نزیکەی دوو مانگ بەرلەئێستا نرخی کیلۆیەک تەماتە لە شاری سلێمانی گەیشتە سەرو دوو هەزا ر دینار و وەزارەتی کشتوکاڵیش باجی سەر هاوردەی تەماتەی راگرت.

“ئەو باجەی خراوەتە سەر تەماتە وای لە بازرگانان کردووە هاوردەی نەکەن، چونکە زۆر لەسەریان دەکەوێت لە عەلوەش ئەو نرخەیان بۆ ناکاتەوە”، سەروەر عەلی وای وت.

رۆژانە 800 تۆن تەماتە لە سلێمانییەوە رەوانەی پارێزگاکان...

رۆژانە 800 تۆن تەماتە لە سلێمانییەوە رەوانەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت