ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە:
“بەهۆی جەنگی سەر ئێران رۆژانە 11 ملیۆن بەرمیل نەوت لەدەست دەدەین”
فەرهاد حەسەن
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەم ئاشکرای دەکات کە کاریگەرییەکانی جەنگی ئێستای دژ بە ئێران وایکردووە کە رۆژانە 11 ملیۆن بەرمیل نەوت لەدەست بدەن، ئاماژەی بەوەشکراوە کە هیچ وڵاتێک لە شوێنەوارەکانی ئەم قەیرانە پارێزراو نابێت.
فاتح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێت، ئاژانسەکەیان لە گفتوگۆدایە سەبارەت بە ئەگەری خستنەبازاڕی بڕی زیاتری نەوت لە کۆگایە ستراتیژییەکان ئەگەر پێویست بکات بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی ئێران.
جەختیشی کردەوە کە “بڕیارەکە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بازاڕەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام دەدرێت.”
بیرۆڵ روونیکردەوە کە “وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسەکە لە رۆژی 11.3.2026 رێککەوتبوون لەسەر ئازادکردنی بڕێکی پێوانەیی کە دەگاتە 400 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگە ستراتیژییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی خاوی جیهانی”، بەڵام دەڵێت “هیچ ئاستێکی دیاریکراو بۆ نرخی نەوت نییە بۆ پەنابردنە بەر خولێکی نوێی راکێشانی نەوت لە یەدەگەکان.”
بیرۆڵ قەیرانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە “زۆر سەخت” وەسفکرد و بە خراپتر لە هەردوو شۆکی نەوتی ساڵانی حەفتاکان و کاریگەرییەکانی جەنگی ئۆکرانیا لەسەر بازاڕەکانی گاز پێکەوە دانا، گرنگترین چارەسەریش بەلای ئەوەوە دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمزە بەڕووی کەشتیوانیدا.