بۆ بەو رێژە زۆرە؟

رۆژانە 800 تۆن تەماتە لە سلێمانییەوە رەوانەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

لە عەلوەی سلێمانییەوە رۆژانە 800 تۆن تەماتەی ئێرانی رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت و بەرپرسێکی عەلوەکەش دەڵێت، تەماتەی عێراقی کەم بووەتەوە.

ماوەی دوو هەفتە زیاترە رێگە بە هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانی دراوە و تەماتەی عێراقیش کەمبووەتەوە، بۆیە لە رێگەی عەلوەی سلێمانییەوە تەماتەی ئێرانی رەوانەی پارێزگاکانی تری عێراق دەکرێت.

حاجی سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی لە سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـێ راگەیاند، تەماتەیەکی زۆری ئێرانی هەیە و رۆژانە 800 تۆن رەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.

وتیشی، “نرخەکەی هەرزانە و کیلۆی لە نێوان 350 بۆ 450 دیناردایە و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش خواستێکی زۆری لەسەرە”.

سەبارەت بەوەی ئاخۆ ناردنی ئەو بڕە تەماتەیە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە سلێمانییەوە کێشە بۆ ناوخۆ دروستناکات، حاجی سەروەر عەلی وتی، “بەرهەمەکە زۆرە و رۆژانە لە عەلوەی سلێمانییەوە 500 تۆنیش لەو تەماتەیە دەخرێتە ناو بازاڕی سلێمانی و دەورووبەرییەوە”.

ئاماژەی بەوەشدا، کە راستەوخۆ لە ئێرانەوە تەماتە نانێردرێت بۆ پارێزگاکانی عێراق و لە سلێمانییەوە تەماتەی ئێران دەبەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

وەزارەتی کشتوکاڵ قەدەغەی لەسەر هاوردەی تەماتە هەڵگرت

وەزارەتی کشتوکاڵ قەدەغەی لەسەر هاوردەی تەماتە هەڵگرت