هێلیکۆپتەری سەرۆکی ئێران تووشی رووداوێک بوو

964+

ژووری هەواڵ

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان هێلیکۆپتەری ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران تووشی رووداوێک بووە و تیمەکانی فریاگوزاری لە رێگەن بۆ شوێنی رووداوەکە.

ئەوە لەکاتێکدا، 16 تیمی فریاگوزاری رەوانەی ناوچەکە کراون، بەڵام بەهۆی تێپەڕنەبوونی ناوچەکە و بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا بەتایبەت تەم و مژێکی زۆر، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و سۆراغی فڕۆکەکەی سەرۆک کۆمار قورس بووە.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 19.5.2024، بە مەبەستی کردنەوەی بەنداوی هاوبەشی قیزقەڵاسی لەسەر رووباری ئاراس گەشتێکی کردووە بۆ پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات.

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران بە پەیوەندی تەلەفۆنی بە ئاژانسی ئێرنای وتووە، “لە پاش کردنەوەی، بەنداوی قیزقەڵاسی، سەرۆک کۆمار بە ژمارەیەک هەلیکۆپتەرەوە دەگەڕایەوە، یەکێک لە هەلیکۆپتەرەکان ناچار بووە بە سەختی بنیشێتەوە بەهۆی تەمەوە”.

گروپە جۆراوجۆرەکانی فریاگوزاری بەرەو ناوچەکە دەڕۆن، “بەڵام بەهۆی تەم و خراپی کەشوهەوا، رەنگە کات بخایەنێت تا دەگەنە ناوچەکە” وەحیدی وای وتووە.

باسیلەوەشکردووە، “لەگەڵ هاوەڵەکانمان پەیوەندیمان هەبووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ناوچەکە ئاڵۆزە و دروستکردنی پەیوەندی ئەستەمە، هیوادارین تیمەکانی فریاگوزاری زووتر بگەنە شوێنی رووداوەکە و زانیاری زیاترمان پێ بدەن”.

سەرۆکی ئێران و هێلیکۆپتەرەکەی نادیارن

سەرۆکی ئێران و هێلیکۆپتەرەکەی نادیارن