ئەمڕۆ 20 خانەیان رووخاندووە
بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە کۆڵانەکانی ئاکرێ قەدەغە کرا
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە قەزای ئاکرێ بریارەکە کەوتە بواری جێبەجێکردن و لە ئەمڕۆ بە دواوە، هەرکەسێک مەڕوماڵات لەنێو قەزای ئاکرێ و سەنتەری قەزاکە بەخێو بکات، شوێنەکەی دەڕوخێندرێت و دەبێت مەڕوماڵاتەکەی بباتە دەرەوەی سەنتەری قەزاکە.
قایمقامیەتی ئاکرێ بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی ئاکرێ، دەستیان کردووە بە رووخاندنی ئەو شوێنانەی لە سەنتەری قەزاکەدا ئاژەڵی تێدا بەخێودەکرێت و دەڵێن، “لەمرۆ بەدواوەوە لە هەر شوێنێک، خانەی بەخێوکردنی ئاژەڵ ببینرێن دەڕوخێندرێت”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19.5.2024، بڵند رەزا زوبێر، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ بە 964ی وت، “بڕیار دراوە چیتر ئەو شوێنانەی دروست کراون وەکو خانەی مەڕوماڵات لەنێو سەنتەری ئاکرێ بڕوخێندرێن و بوونیان نەمێنێت، بەهۆی ئەوەی سیمای شارەکەی ناشرین کردووە و هەروەها زیانی زۆری هەیە بۆ خەڵک،وە بووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، هەروەها بڵاوبوونەوەی بیسایی و هەبوونیان لە شوێنی گشتی”.
بە قسەی سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، “ئەو شوێنانە زۆر گەورە نین، هەر ماڵێک چەند سەر مەڕێک و پەلەوەر بەخێو دەکات لەپێش دەرگاکەیان، بۆیە دەبێت بۆ خۆیان بیفرۆشن یاخود چارەسەرێکی بکەن، نابێت بەهیچ شێوەیەک لە نێو سەنتەری شار بمێننەوە، ئەمڕۆ لە گەڕەکی “ئالەهی”، دەستمان پێکرد و دەتوانین بڵێین زیاتر لە 20 خانە و کوخمان رووخاندووە، ئەمە تەنیا سەرەتایە”.
“هەر کەسێک دووبارە مەڕوماڵات و ئاژەڵ لەنێو خانە و کوخدا لە سەنتەری ئاکرێ بەخێو بکات، بەپێی رێکارە یاساییەکان و پێشێلکردنی مافی گستی، دەدرێتە دادگا و لێپیچینەوەی یاسایی لە بەرامبەری دەکرێت”، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا
دیمەنی رووخاندنی خانەیەکی مەڕوماڵات لە ئاکرێ؛