کێشەکە لەسەر پەردەیە
بەبێ بڕیارێکى یەکلاییکەرەوە دوکاندارانى دهۆک دوکانەکانیان دەکەنەوە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
دواکاندارانى دهۆک ناڕازین لە بڕیارێکى پارێزگاى دهۆک کە دەبێت پەردەى دوکانەکانیان لابدەن و کەلوپەلەکانیان ببەنە ژوورەوە، هەر بۆیە دوکانەکانیان داخست و لەبەردەم بیناى پارێزگا گردبوونەوە، بەڵام دواى کۆبوونەوە لەگەڵ جێگرى پارێزگارى دهۆک بەبێ بڕیارێکى یەکلاییکەرەوە هاتنەدەرەوە و بڕیاریاندا دوکانەکانیان بکەنەوە.
حاجی بەدەل یەکێک لە نوێنەرانى دوکاندارانى بازاری دهۆک بە 964ـى وت، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ جێگرى پارێزگار داوامان لێکرد لە بڕیارەکە پاشگەز ببنەوە، چونکە بردنە ژوورەوە کەلوپەلەکان و لادانى پەردەو داخستنى دەڕابە ئەرکێکى قورسە بۆ دوکانداران بەتایبەت کە زۆربەى دوکانەکان بچوکن.
دوکاندارەکان بە جێگرى پارێزگاریان وتووە،”با هەردوولامان هاوکار بین و بڕیارێک بدرێت لە بەرژەوەندى هەردوولامان بێت”، بەڵام بە وتەى حاجى بەدەل، نەگەیشتوون بە بڕیارێکى یەکلاییکەرەوە، بەڵام بەڵێنیانداوە چارەسەرێک بدۆزنەوە لەبەرژەوەندى دوکانداراندا بێت.
دواى هاتنە دەرەوەى نوێنەرانیان، دوکانداران بڕیاریانداوە دوکانەکانیان بکەنەوە تا چارەسەرێکى دیکە دەخرێتەڕوو.
ناڕازیبوونى دوکاندارانى دهۆک دواى ئەوە هات، پارێزگاى دهۆک بڕیاریدا کە دەبێت دوکانداران ئێواران کەلوپەلەکانیان ببەنە ژوورەوە و پەردەکانیان لێبکەتەوە و دەڕابەکانیان داخەن.
پێشتریش شارەوانى هەولێر بۆ رێگریکردن لە کەوتنەوە و تەشەنەکردنى ئاگر، هەمان بڕیارى بەسەر دوکاندارانى بازاڕەکانى هەولێردا سەپاند، چونکە بەپێى راپۆرتى کۆتایى ئەو ئاگرانەى لە دهۆک و هەولێر کەوتوونەتەوە دەرکەوتووە کە جێهێشتنى کەلوپەل لە دەرەوە پێدادانى پەردە و هەڵواسینى، هۆکارى تەشەنەکردن و گەورەبوونى ئاگرەکان بوون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح