هەریەکەیان پێنج ساڵ

لە ئێران 15 ژن بە 75 ساڵ زیندانیکردن سزا دران

پێشەوا محەمەد

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای 75 ساڵ زیندانیی بەسەر 15 ژنی سەر بە ئایینی بەهایی سەپاندووە، رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، بۆ هەریەکەیان پێنج ساڵ و هەموو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیشیان لێ قەدەغە کراوە.

رێکخراوەکە، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤ دەکات لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندووە، ئەو ژنانە بە چالاکیی فێرکاری و پڕوپاگەندەی دژ بە ئیسلام ئەو حوکمەیان بەسەردا دراوە.

ئاماژەی بەوەش داوە، هەر ژنێک لەوان 50 ملیۆن تمەن و لە دوای بەسەربردنی حوکمەکەشیان نە بۆیان هەیە ئێران جێبهێڵن نە بۆیان هەیە هیچ پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی دروست بکەن.

رێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، تا ئێستاش لە ئێران هاوڵاتیان لەسەر بیروباوەڕ دەستگیر دەکرێن و سزای بەندکرانیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

حوکمدانی ئەو ژنانە لەکاتێکدایە، دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەو ژنانەی چالاکی سیاسی دەکەن لەو وڵاتەدا بەردەوامە.