حاسڵاتی ئەمڕۆ

ژنێک و چوار پیاو لە ورمێ لە سێدارەدران و دوو منداڵیش بە بۆردومانی تورکیا بریندار بوون

+964

ژووری هەواڵ

لە ورمیێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان سزای لە سێدارەدان بەسەر پێنج بەندکراو جێبەجێکرا کە یەکێکیان ژنە بە ناوەکانی پەروین موسەوی، پەروێز قاسمی، یوسف سەعیدی، رامین لەوەند پوور و مەنسوور ناسری خەڵکی شارەکانی مەراغە، ورمێ و بۆکانن.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا مانگی پێنج لانی کەم 11 ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارەدراون، دواهەمینیان پەروین موسەوی بوو کە ئەمڕۆ لە سێدارە درا.

دانیشتوانی قامیشلۆ کاریان لە شارەوانی شارەکە ناڕوات، چونکە هەفتەیەکە بینای شارەوانی کارەبای نییەو کاروبارەکانیان رایی نابێت، خەڵکەکە دەڵێن هەرکات دەچینە شارەوانی فەرمانبەرەکان پێمان دەڵێن مۆلیدەکەمان تێکچووەو کارەکان وەستاون.

ئەم بەیانییە سوپای تورکیاو هێزە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا چەند گوندێکی دەوروبەری حەلەبیان بۆردومانکرد، هەندێ لەو گوندانە ئاوارەکانی عەفرینیان تێدایە، میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان دەڵێن دوو منداڵ بریندار بوون.

کەجەدەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: تورکیا شتستی هێناوە لە سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان، حوکمدانی سەرکردەکانی باکووریش بە بیانووی دۆسێی کۆبانی قڕکردنی سیاسییەو هیچ ئەنجامێکی نابێت.

هەکاری لە باکووری کوردستان بووەتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری، میدیا تورکییەکان دەڵێن ساڵانە خەڵکێکی زۆر بۆ گەشتوگوزار دەچنە ناوچەکە بۆ بینینی دیمەنی تاڤگە بڵندەکەی ئەوێ، کە لەبەرزی 25 مەترەوە دێتە خوارەوە.