ئەو تانکەرانەی کە لەسەر رژاندنی گازوایل دەستیانبەسەردا گیراوە. فۆتۆ: پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
تانکەرەکانیان دەستیبەسەردا گیرا
لەسەر رژاندنی گازوایل دوو شۆفێری تانکەر دەستگیر کران
ژووری هەواڵ
دوو شۆفێری تانکەر بەهۆی رژاندنی گازوایل لەسەر رێگەی سەرەکی نێوان پێنجوێن بۆ سەیدسادق دەستگیر کران و هەردوو تانکەرەکەیان دەستیبەسەردا گیرا.
ئەمڕۆ هەینی 17.5.2024، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی ناڵپارێز لە نزیک گوندی کەژان دوو تۆمەتباریان دەستگیر کرد کە شۆفێری تانکەری گواستنەوەی گازوایل بوون و بەهۆی رژان و لێچوونەوە لەسەر رێگای سەرەکی نێوان پێنجوێن-سەیدسادق بە درێژایی چەند کیلۆمەترێک شەقامی سەرەکی و ژینگەی ناوچەکەیان پیس کردبوو.
هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، رووداوەکە شەوی 14 لەسەر 15ـی ئەم مانگە بووە و لەم دوو رۆژەی پێشوودا بڕیاری دادوەر وەرگیراوە بۆ دەستگیر کردنی شۆفێری تانکەرەکان.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، ئەو دوو شۆفێرە ببونە هۆی مەترسی رووداوی هاتووچۆ و ئاستەنگی هاتووچۆ لەو رێگەیەدا.