کەنیسەکەیان تەواو بوو
خەونی ئەرمەنەکانی زاخۆ هاتە دی
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
چاوەڕوانى ئەرمەنەکان کۆتایى هات و کەنیسەی “مریم العذراء “ـی ئەرمەنەکان لەزاخۆ کرایەوە.
ئەمرۆ هەینی 17.5.2024 بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ کەسایەتییە ئاینە جیاوازەکان و مەترانەکانی ئەرمەن، کەنیسەی “مریم العذراء”ـی ئەرمەنەکان، لە زاخۆ کرایەوە.
نزیکەی 150 خێزانی ئەرمەن لەزاخۆ هەن کە ژمارەیان زیاترە لە هەزار کەس، لە کوردستان پێنج کەنیسەی تایبەت بە ئەرمەنەکان هەن کە چواریان لە دهۆک و زاخۆن و یەکێک لە هەولێرە.
کەنیسەى “مریم العذراء “، لەسەر روبەری هەزار و 300 مەتری چوارگوشە، لە گەڕەکی کێستەی زاخۆ کە زۆربەی ئەرمەنەکان لێی نێشتەجێن نۆژەنکراوەتەوە.
شڤان عەبدی، بەرێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی زاخۆ بە 964ـى وت،”ناتوانین بڵێن نوژەنکردنەوە یاخۆد دروستکردنەوە، چونکە بەتەواوەتی نەڕوخێندرا و لەهەمان کاتدا گوڕانکاری زۆر تیایدا کراوە، هەر لە فراوانکردن بگرە تا دەگاتە گوڕانکاری دیزاین بەشێوازێکی سەردەمانە و مودێرن”.
کەنیسەکە لەسەر شێوازێکی مودێرنە و تێچوی پرۆژەکە لەلایەن رێکخراوی “health”ـی هەنگاری لەئەستۆی دابینکراوە و ماوەی سێ ساڵە کار تیایدا بەردەوامبووە.
لاى خۆیەوە، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە 964 وت،”ئێمە وەک حکۆمەتی هەرێمی کوردستان ئامادەن بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو ئاینێک بکەین”.
داود هونان، کەسایەتی دیاری ئەرمەنەکان بە 964ـى وت، “خەونی ئێمە هاتە دی، ناتوانم بڵێم چەند دڵخوشم، چونکە ماوەی سێ ساڵە چاوەروانین”.
لەساڵی 1915 ژمارەیەک لە ئەرمەنەکان لەئەرمینیا کۆچیان کرد بۆ زاخۆ، ئەو کات زاخۆ شوێنی حەوانەوە پێیان بەخشی و ساڵى 1923 کەنیسەیەکى تایبەتیان بۆ دروستکرا و تائیستاش لە شوێنى خۆیان ماون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح