یانه‌كانی‌ كوردستان له‌گیانه‌ڵادان

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

تیمی یانەی سەیدسادق – Halo Jabary

حاڵی‌ هه‌ندێ‌ یانه‌ وه‌رزشییه‌كان باش ناڵێت‌و یه‌كێتی‌ تۆپی‌ پێی‌ كوردستانیش ده‌ڵێت چاوتان له‌ده‌ستی‌ حكومه‌ت نه‌بێت.

به‌رپرسانی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ سه‌یدسادق رایانگه‌یاند یانه‌كه‌یان كه‌وتووه‌ته‌ باری‌ گیانه‌ڵاو به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ به‌ته‌واوی‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

تەیب حاجی رەشید، سەرۆکی یانەی وەرزشی سەیدسادق لەکۆنفرانسێکی هەواڵیدا دوێنێ‌ یه‌كشه‌ممه‌ وتی، بەهۆی قەیرانی داراییەوە یانەکەیان لەخولی نایابی کوردستان دەکشێتەوەو به‌تەواوەتی هەڵدەوەشێنینەوە”.

یانه‌ی‌ سه‌ید سادق له‌شارێكی‌ بچوكی‌ كوردستانه‌، به‌ڵام هه‌واڵی‌ تیپی‌ تۆپی‌ پێیه‌كه‌ی‌ هه‌میشه‌ ده‌بووه‌ بابه‌تی‌ گه‌رمی‌ رۆژ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ هانده‌ری‌ سه‌رسه‌ختی‌ هه‌بوو به‌ژنان‌و پیاوانه‌وه‌و ئه‌نجامی‌ باشیشی‌ به‌ده‌ست ده‌هێنا.

سەیدسادق وەرزی رابردوو ئاستێکی نایابی پێشکەشکرد و پلەی سێیەمی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا، ئه‌مساڵیش به‌هیوای‌ نازناوه‌كه‌ بوون.

 بۆ خولی نایابی کوردستان  2022 – 2023، تاوەکو ئێستا یانەی نەورۆزبە فەرمی بڕیاریداوە بەشداری نەکات، بە بیانوی ئەوەی ناتوانێت خەرجی خولی نایابی عێراقی و کوردستان لە یەک کاتدا دابین بکات‌و ته‌نیا له‌خولی‌ نایابی‌ عێراق ده‌مێنێته‌وه‌.

یانه‌ی‌ نه‌ورۆز له‌یانه‌ پێشه‌نگه‌كانی‌ خولی‌ نایابی‌ كوردستانه‌و ساڵی‌ رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار گه‌یشته‌ خولی‌ نایابی‌ عێراقی‌.

جەلال سەعید، گوتەبێژی یەکێتیی‌ تۆپی‌ پێی‌ كوردستان ته‌نیا کشانەوەی یانەی نەورۆزی بە فەرمی پشتڕاستکردەوە و گوتی، “پێموایە یانەی سەیدسادق بۆ فشار و پەیداکردنی هاوکاریی باس لە کشانەوە دەکەن”.

ساڵی رابردوو 16 یانەی وەرزشی تۆپی پێ بەشدارییان لە خولی نایابی کوردستان کردووە، بۆ ئەمساڵ بەبێ یانەی نەورۆز بووەتە 15، کە ئەگەر سەیدسادقیش بە فەرمی بکشێتەوە، ژمارەیان دەبێتە 14 یانە، وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بڕیارە لە 13ـی ئەم مانگە دەستپێبکات.

ئه‌م قه‌یرانه‌ یانه‌ی‌ دهۆكیشی‌ گرته‌وه‌و به‌هۆی‌ زۆری‌ قه‌رزه‌كانیه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر بوو رێگه‌ی‌ نه‌ده‌ن به‌شداری‌ خولی‌ نایابی‌ عێراق بكات.

به‌ڵام د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رۆژی چوارشەممە 28ی ئەیلوول رایگەیاند، “سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندیی داوە کە هاوکاریی یانەی دهۆک بکرێت، بەتایبەتی بۆ دانەوەی بەشێک لە قەرزەکانی یانەکه‌”.

میدیازان پرسیاری کرد لەبارەی بە بزنسکردنی کەرتی وەرزش لە کوردستان، جەلال سەعید باسی لەوەکرد، وەزارەتی پەیوەندیدار لەو بابەت بەرپرسە، کە وەزارەتی رۆشنبیرییە.

ئەو گوتی، وەزارەت نابێت مۆڵەت بە یانەیەکی وەرزشی بدات کە سەرچاوەی داهاتی نییە.