گیرفانیشیان پڕ دەکرێت
گرێبەستی 322 کارمەندى تەندروستى نوێکرایەوە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
گرێبەستی 322 کارمەندى تەندروستی دهۆک نوێکرایەوە و موچەی 4 مانگ پێکەوە وەردەگرن.
لە سەرەتای ساڵەوە سەرجەم ئەو کارمەندانە کە سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆکن، بەبێ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان دەوامیان کردووە و هیچ موچەیەکیشان وەرنەگرتووە.
مەتین جەمال بناڤی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆک بە 964ـى وت، کێشەی کارمەندانی گرێبەست چارەسەر بووە و نوسراوی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان گەیشتووە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک و تەنیا ئیمزای کارمەندەکانی ماوە.
وتیشی،”گرێبەستەکانیان بۆ ماوەی یەک ساڵ نوێ دەکرێتەوە و کۆتایی ئەمساڵ بەسەردەچێت، دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیش بە زووترین کات موچەکانیان پێدەدرێت کە لەو بڕوایەداین موچەی ئەم چوار مانگە بەسەریەکەوە وەربگرن”.
لاى خۆیەوە، نوێنەری کارمەندە گرێبەستەکانی تەندروستی دهۆک بە 964ـى وت، لە کۆی 322 کارمەندی گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک، تەنیا گرێبەستی 45 کارمەندیان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نوێکرانەوە و موچەی سێ مانگیان بەسەریەکەوە پێدرا.
لە سنووری پارێزگای دهۆک 322 کارمەندی تەندروستی گرێبەستن و مووچەکانیان لەسەر بودجەی پەرەپێدانە و لەم ژمارەیە 45 کارمەندیان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆن و ئەوانی تر لەسەنتەری دهۆک و قەزا و ناحیەکانیدان.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین