سەڵاحەدین دەمیرتاش - وێنە: ئاژانسەکان
مانگی داهاتوو
سەڵاحەدین دەمیرتاش رۆمانێکی نوێ بڵاودەکاتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە شەشەم کتێبی خۆی نووسیوە و بڕیارە مانگی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە.
گەزەتە دوڤار بڵاویکردووەتەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش رۆمانێکی نوێی ئامادەیە، بەڵام هێشتا لەسەر ناوەکەی یەکلایی نەبووەتەوە،”رۆمانێکی تەواو جیاوازە و بە تەکنیکێکی جیاواز لە رۆمانەکانی تر نووسیویەتی”.
پێشتر سەڵاحەدین دەمیرتاش هەریەکە لە رۆمانەکانی لەیلان، ئەفسوون، دەوران و کۆمەڵەچیرۆکی سەحەری نووسیوە لەگەڵ کتێبێک بەناونیشانی،”دۆزی ژیانی ئازاد”، کە رێگە نەدرا بە شێوەی کاغەز چاپ بکرێت و بە ئۆنلاین بڵاوکرایەوە. کتێبەکە بریتییە لە وتەکانی خۆی لە کاتی دادگاییکردنیدا.
سەرجەم کتێبەکانی لەلایەن فەرهاد چۆمانیی وەرگێڕ و نووسەرەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی و پێشوازییەکی باشیان لە لایەن خوێنەرانەوە لێکراوە.
دەمیرتاشی تەمەن 51 ساڵ، لە 4ـی تشرینی دووەمی 2016ـەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانی کراوە.
یەکەم کتێبی دەمیرتاش “سەحەر”ـە، کە لە 12 چیرۆک پێک دێت و لە 16ـی ئەیلولی 2017 لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دیپنۆتەوە بڵاوکراوەتەوە. سێ رۆژ دوای بڵاوکردنەوەی، کتێبەکە لە بازاڕدا نەما و هەمووی لێ فرۆشرا. وێنەی بەرگ و ناوەوەی کتێبەکە لە لایەن خوشکی دەمیرتاش، بەهار دەمیرتاش و سیا گوربووزەوە کێشراون.
دەمیرتاش کتێبەکەی پێشکەشی تەواوی ئەو ژنانە کردووە، کە کوژراون یاخود تووندووتیژییان بەرامبەر دەکرێت. کتێبەکە لە ماوەی چوار مانگدا نزیکەی 200 هەزار دانەی لێ چاپ کرا و بۆ 14 زمانیش وەرگێڕدراوە.