فێرى گاڵتە بووە
ژیری دەستکرد لە دەست دەرچووە
964+
عادل کانەبی
لە نوێترین وەشانی کۆمپانیای ئۆپین ئەی ئای، هەنگاوێکی تازە دەنێت لە بەرەوپێشبردنی Chat GPT بە جۆرێک لەمەو دوا گاڵتە و قسەی خۆشت بۆ دەکات.
سام ئاڵتمان، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپین ئەی ئای کە خاوەندارییەتی چات جی پی تی- Chat GPT دەکات، دەڵێت،”هەست دەکەم زیرەکی دەستکرد خەیاڵێکە… قسەکردن لەگەڵ کۆمپیوتەر هەرگیز بۆ من ئاسایی نەبووە، ئێستا بووتە شتێکی ئاسایی.”
گاڵتە دەکات و لە شەرما سوور هەڵدەگەڕێتەوە
لە یەکێک لە نمایشەکاندا توێژەرانی OpenAI لە میانی کۆنفرانسێکدا توانا نوێیەکانی یاریدەدەری دەنگی ChatGPT یان نیشاندا، کۆمپانیای چات جی پی تی توانا دەنگیەکەی بەکارهێنا بۆ قسەکردن لەگەڵ یەکێک لە تیمی کۆمپانیاکە بۆ چارەسەرکردنی هاوکێشەیەکی بیرکاری لەسەر لاپەڕەیەکی کاغەز، هەروەها توێژەران توانای مۆدێلی GPT-40 یان بۆ
وەرگێڕان لە کاتی راستەوخۆدا نیشان دا کە توانایەکی ناوازەی هەبوو.
توانا نوێیەکەی ChatGPT خەیاڵییە، چونکە لە کاتی تاقیکردنەوەیدا خەریکی گاڵتەجاڕی بوو لەگەڵ توێژەرەکەی ئۆپین ئەی ئای. لە میانی نمایشەکەیاندا توێژەری OpenAI بە چاتبۆتەکەی وتووە کە ئەو لە بارێکی دەروونی زۆر باشدایە، چونکە لەگەڵ چاتبۆتەکە قسە دەکات، ChatGPT وەڵامی دایەوە و وتی ” تۆ وا لە من دەکەیت شەرم بکەم و سوور ببمەوە!”
خزمەتگوزارییەکانی بەلاشە و پارەی تێناچیت
لای خۆیەوە، بەرپرسی سەرەکی تەکنەلۆژیا لە کۆمپانیای OpenAI، میرا مۆراتی، لە کۆنفرانسەکە رایگەیاند، مۆدێلە نوێیەکە بە خۆڕایی پێشکەش بە بەکارهێنەران دەکرێت لە کاتی ئێستادا.
مانگانە 100 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە
جێگای سەرنجە کە ئۆپن ئەی رووبەڕووی کێبڕکێ و فشاری زیاتر بووەتەوە بۆ فراوانکردنی پێگەی بەکارهێنەرانی ChatGPT، ئەو چاتبۆتە بەناوبانگەی کە جیهانی سەرسام کردووە بە توانای بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی نووسراوی هاوشێوەی مرۆڤ و نووسینی کۆدی پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەری هەیە. چونکە جگە لەو ئێستا گووگڵ سەرقاڵی بەروپێشبردنی چاتبۆتەکەی Bard کە هاوشێوەی چات جی پی تیە و کێبڕکێی لەگەڵدا دەکات.
دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی لە کۆتایی ساڵی 2022، ChatGPT وەک خێراترین ئاپ لە بڵاوبوونەوە دەستنیشانکرا کە تا ئێستا مانگانە 100 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە.