یەکێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکی ماڵێدەر لە تەوێڵە _ وێنە: شارەوانی تەوێڵە
بە خۆڵەکەش چاڵیان پڕکردەوە
لە تەوێڵە شاخیان بڕی بۆ ئەوەی کۆڵانێکی ماڵێدەر فراوان ببێ
ئەحمەد مستەفا
تیمە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی تەوێڵە، بۆ ئەوەی کۆڵانێکی گەڕەکی ماڵێدەر لە شارۆچکەکە فراوان بکەن ناچار بوون بەشێک لە قەدپاڵی شاخی گەڕەکەکە دابماڵن.
تەوێڵە لە گەڕەکەکانی (چلانە، ماڵێدەر و هانە سوسو) پێک دێت کە بە بەهار و هاوین نزیکەی 1000 ماڵ و بە زستان بەهۆی سەختی کەشوهەواوە بە تێکڕا 600 ماڵ لە شارۆچکەکە دەمێننەوە.
ماڵەکان دەکەونە قەدپاڵی شاخ و قەڵاکانی ( بۆزان، ویسورە، گاورا و مسین)، جوگرافیا و بەرز و نزمی شارۆچکەکە بە جۆرێکە کە شاخ و ماڵ لە ئامێزی یەکدا پێناسە ژیان دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 14.5.2024، عیماد محەمەد سەرۆکی شارەوانی تەوێڵە بە 964ی وت، “تیمەکانی بەشی خزمەتگوزای شارەوانی بە هاوكاری ئامێرەكانی شارەوانیمان، هەستاون بە فراوان كردن و تێكەڵە رێژكردنی كۆڵانێك لە گەڕەکی مالێدەر”.
بەهۆی بچووکی رووبەری کۆڵانەکە و نزیکی لە دامێنی شاخەوە ئاستەنگی بۆ هاتوچۆی دانیشتووان و شۆفێرانی گەڕەکەکە دروست ببوو، بە قسەی سەرۆکی شارەوانی “دامێنی شاخی گەڕەکی ماڵێدەر داماڵدراوە تا رووبەرەکەی فراوان بکرێ و خۆڵەکەشی لە پڕکردنەوەی چاڵی کۆڵانەکەدا بەکارهێنراوە”.
دیمەنی کاری تیمە خزمەتگوزارییەکان؛