رۆنگ ساید هاتووە، مۆڵەتی نەبووە و بەخێرایی زۆر رۆشتووە

لە پێنجوێن هەرزەکارێکی بێ مۆڵەت کارەساتی خوڵقاند

+964

کامیار کەمال_ پێنجوێن

رۆنگ ساید هاتووە، مۆڵەتی نەبووە و بەخێرایی زۆر رۆشتووە، بەپێی قسەی پۆلیسی هاتوچۆ بێت هەرچی جۆری سەرپێچی هەیە لەو گەنجەدا هەبووە کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێگای باشماخ پێنجوێن بووە هۆکاری رووداوێکی هاتوچۆ.

هەرزەکارێکی خوار هەژدە ساڵ کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (دایۆ) پێبوو لەسەر شەقامی خێرای باشماخ لەگەڵ دوو ئۆتۆمێلی بارهەڵگردا بەیەکیاندا کێشا، بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون، هەر شەشیان لەناو ئۆتۆمبێلە بچوکەکەدا بوون.

پەیامنێری 964 لە پێنجوێن پرسیاری کرد، چەند کەسێک کە بەهۆی کارەکەیانەوە دەستیان دەگاتە زانیاری و ئاگایان لێیە، پێیان وت ” ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە بە ئاڕاستەی پێچەوانە و بە خێراییەکی زۆر رۆشتووە و خۆی کێشاوە بە بارهەڵگری یەکەمدا و دواتر دەستی شکاندووەتەوە و خۆی کێشاوە بە بارهەڵگری دووەمدا”.

وەرگەڕانی مینی پاسەکەی خوێندکاران چوار گیان لەدەستدان...

وەرگەڕانی مینی پاسەکەی خوێندکاران چوار گیان لەدەستدانی لێ کەوتەوە

964 ویستی ئەم زانیاریانە لە دەمی بەرپرسانی هاتوچۆی پێنجوێنەوە ببیستێ، بەڵام موقەدەم چالاک سەڵاح لێپرسراوی هاتوچۆی پێنجوێن وتی ”بە کیتاب ئەمرمان بۆ هاتووە نابێ لێدوان بدەین”.

بەڵام دواتر وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی زانیارییە دروستەکەی وت.

بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە 964 وت ”شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە تەمەنی خوار هەژدە ساڵەو بە خۆیەوە شەش سەرنشین لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بە پێچەوانەی ئاڕاستەی شەقامەوە و بە خێرایی ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیەوە، هەر ئەو هۆکاری رووداوەکەیەو دوان لە بریندارەکانیش دۆخی تەندروستیان نا جێگیرە.

پەیامنێری 964 لە تەندروستی پێنجوێنیشی پرسی، ئەوانیش وتیان بریندارەکان شەشن ”دوانیان قاچیان شکاوەو رەوانەی سلێمانی کراون”.

دیلان محەمەد جەزا، پەیامنێری 964 لە سلێمانی بەشداربووە لە ئامادەکردنی ئەم هەواڵە

مینی پاسێکی خوێندکاران وەرگەڕاو گیان لەدەستدان و برین...

مینی پاسێکی خوێندکاران وەرگەڕاو گیان لەدەستدان و بریندار هەیە