ئیشکردن لە ئاوەڕۆکەیان دەستیپێکردووەتەوە

دوای 13 ساڵ دانیشتووانی خەلیفاوا لە بۆنی زێراب رزگاریان دەبێ

‎ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

جارێکی دیکە کارکردن لە زێرابە سندوقییەکەی گەڕەکی خەلیفاوا لە سلێمانی دەستیپێکردەوە و وتەبێژی شارەوانیش دەڵێت، “قەول وایە پێش كۆتایی ساڵ تەواو بكرێت”.

نزیكەی 13 ساڵە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە بێ وەزعن و بۆنی زێراب کاسی کردوون، چەند جارێک ئیش لەو پڕۆژەیەدا کراوە و هەرجارەو بەبیانوویەک ئیشەکە پەکی کەوتووە.

ئەنجومەن حسێن وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی وت، “پڕۆژەکە دراوە بە کۆمپانیایەکی دیکە و كاركردن تیایدا بەچڕی دەستیپێكردووە، تەنانەت لەشەوانیش كارەكان ناوەستن و بەردەوامن، چونکە عەزممان جەزم کردووە پێش كۆتایی ساڵ تەواوی بکەن”.

وتیشی، نزیکەی ملیارێك و 900 ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی زێرابەکە تەرخانكراوە و ئەگەر كەشوهەوا و وەرزی باران بارین پڕۆسەكە خاو نەكاتەوە، لەماوەی دیاریكراودا دەخرێتە خزمەتی دانیشتووانی گەڕەكەكەوە.

“هەموو خانوویەك كە دەكەوێتە سەر رێڕەوی ئاوەڕۆوە، بەپێی یاسا بەزیادەڕۆ دادەنرێت، بۆیە شارەوانی و كۆمپانیاكەش بیریان لە رێگەچارە كردووەتەوە و هەموو هەوڵێك بۆئەوەیە كارەكانی پڕۆژەكە نەوەستێت و لەكاتی خۆیدا تەواو بكرێت” وتەبێژی شارەوانی سلێمانی وای وت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری