له‌ سنوورى گوندێكی پێنجوێن

مینێك له‌ژێر دارێكی به‌ته‌مه‌ن داندراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام نه‌ته‌قیوه‌

کامیار کەمال – پێنجوێن

لە سنوورى نێوان دوو گوندی قەزای پێنجوێن مینێك لەژێر دارێکی به‌تەمەن داندراوه‌ته‌وه‌، ئاگریان له‌ ژێر داره‌كه‌ش كردبووه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مینه‌كه‌ بته‌قێت و بۆ داهاتووش داره‌كه‌ وشكبێت.

به‌پێی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌ى ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، مینێکی له‌ جۆری ڤالمارایه‌، یه‌كێك له‌ ترسناكترین مینه‌كانه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى بوونى ئاگر له‌ژێر داره‌كه‌ مینه‌كه‌ نه‌ته‌قیوه‌ته‌وه‌.

مقەدەم هۆگر محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی ناحیەی ناڵپارێز بە 964ـی راگەیاند، ئاگاداری ئەو بابەتە نین و داوایان کرد لە رێگای 964ەوە بگەن بەو کەسەی کە ڤیدیۆکەی گرتووە.

وتیشی “بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش ده‌چینە شوێنه‌كه‌”.

شۆڕش محەمەد ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی بۆ 964 ناردووە ده‌ڵێت، ئەو دارە داری مازووە، كاتێك به‌وێدا ره‌ت بووه‌ بینیویەتی ئەو مینە لەژێریدا دانراوە و ئاگری تێبەردراوە.

باسی لەوەشکرد، شوێنه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئەو شاخەى كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ پشت هەردوو گوندی کانی سێف و کوڕەمێو.

له‌ ئێستادا تیمه‌كانى پۆلیسی دارستان به‌رو شوێنه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر پێویست بێت ده‌زگاى كاروبارى مینى لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى مینه‌كه‌و داره‌كه‌ش به‌ پارێزراوى بهێڵنه‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن