تائێستا نەزانرابوو وا دەنگی خۆشە

محەمەد پاکژ هەر لە شیعردا نا لە گۆرانیش ئیشی خۆی کرد

دیلان محەمەد جەزا -سلێمانی

محەمەد پاکژ دەمێ ساڵە شاعیرێکی ناسراوەو زۆر شیعری کراون بە گۆرانی، بەڵام ئەوەی سەیر بوو ئەم ماوەیە ڤیدیۆیەکی بڵاوبووەوە کە خۆی گۆرانی دەڵێت و دەنگێکی خۆشی هەیە، خەڵک کەم ئەمەی زانیبوو.

پەیامنێری 964 لە سلێمانی چووە لای محەمەد پاکژو لێی پرسی ئەم دەنگە خۆشە بۆ دیار نییە، ئەویش وتی ”لەناو برادەرەکانم هەر بە دەنگ خۆش ناسراوم، بەڵام ڤیدیۆم بڵاونەدەکردەوە، ئەم جارەی رابردوو پیلانێکیان لە دژم گێڕاو ڤیدیۆی گۆرانییەکەیان بڵاوکردەوە”.

گۆرانی بەیانیت باش خۆشەویستم کە زاهیر جەلال وتوویەتی لەگەڵ زۆر گۆرانی دیکەی بەناوبانگ شیعرەکەیان پاکژ نوسیویەتی، هەر لەو دانیشتنە محەمەد پاکژ شیعری ئەو گۆرانییەو چەند شیعرێکی تری بۆ 964 خوێندەوە.

دانیشتنەکە لە ماڵی کەلەپووری ئەحەی کوڕنوو بوو لە سلێمانی، جەزای ساز کە سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە میللییەکانە لەو دانیشتنە ئامادە بوو، هەم موزیکی بۆ پاکژ دەژەنی و هەم بە فرسەتی زانی باسی وەزعی هونەرمەندان بکات وتی ”ئەم مایکەی 964 زۆر بە کەڵکی هونەرمەندان هاتووە، ئەوانەی باسی شکۆی هونەرمەند دەکەن با بچن خەمی هونەرمەند بخۆن نەک لۆمەی ئێمە بکەن”.