پاشماوەی گەشتیارانە

دارستانەکانی خەرەندی رەواندز لە خۆڵ و خاشاک پاککرایەوە

توانا نەقی

لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی سۆران و بە هاوکاری بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی پەیمانگایەک دارستانەکانی بناری چیای هندرێن لە رەواندز لە خۆڵ و خاشاکی پاشماوەی گەشتیاران پاککرایەوە.

ئەو دارستانە لە خەرەندی رەواندز و بناری چیای هندرێن گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن و پاشماوەیەکی زۆری ئەو گەشتیارانە ژینگەی ناوچەکەی تێکدا بوو بۆیە بەو هەڵمەتە دەستکراوە بە پاککردنەوەی.

هەژار ماهیر بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە 964ـی وت، لە ماوەی کاتژمێرێکدا توانیویانە 100 عەلاگەی گەورەی خۆڵ و خاشاک کۆبکەنەوە و هیشتا ماویانە کە بە تەواوی کۆی بکەنەوە.

وتیشی، راستە گەشتیاران کەمتەرخەمن لە جێهێشتنی پاشماوەکانیان، بەڵام ئەو شوێنە گەشتیارییەش سەلەی خۆڵی لێ نییە، بۆیە داوایان لە شارەوانی کردووە بۆیان دابین بکەن بۆ ئەوەی گەشتیاران پاشماوەکانیانی تیادا دابنێن و دواتر کۆکردنەوەی ئاسان دەبێت.