لە سلێمانی

شارەوانی بە دەم داوای دوکاندارانی شەقامی مەحوییەوە هات

ئەحمەد مستەفا

شارەوانی سلێمانی، چەند ئەندازیارێکی نارد بەدەم کاسبکارانی شەقامی مەحوی و شۆفڵ و حەفارەیان برد، تا شەقامەکە نۆژەنبکەنەوە و ئەو چاڵانەی تێدا نەهێڵن کە کاسبکارەکانی نیگەران کردبوو.

ئەمە هەنگاوەی شارەوانی، پاش داواکاری دوکاندار و کاسبکارانی شەقامەکە هات، کە دەکەوێتە ناوبازاڕی سلێمانی و شەقامێکی سەرەکیە، لە مزگەوتی گەورە بۆ  شەقامی سەیوان و مەیدانی ماستەکە و ژێرپردەکەی مەولەوی و خەڵک و شۆفێران بەکاریدەهێنن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12.5.2024، شاسوار جەلال، کاسبکار لە شەقامی مەحوی بە 964ی وت، “ماوەیەک لەمەوبەر بابەتێکمان لەسەر شەقامی مەحوی بڵاوکردەوە و داواکاریمان گەیاند بە شارەوانی سلێمانی، کە شەقامەکە دۆخی خراپە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، دوای چەند رۆژێک، ژمارەیەک ئەندازیار هاتبوون کێوماڵی شەقامەکەیان کردووە، و ئێستا دەستیانکردووە بە کارکردن تێیدا”.

ئەو کاسبکارە ئاماژەی بەوەشکرد، “ناوبازاڕی بەلەدێ کۆنەکە و بەردەم مریشک فرۆشەکانیش، پێویستی بە کۆنکرێتی باش هەیە جا لەسەر حسابی دوکاندارەکان بێ یاخود حکومەت ئەو گەورەییە هەڵدەگرێ و لەسەر حسابی خۆیان ئەوێش کۆنکرێت بکەن زۆر باش ئەبێ بۆ خەڵکی شارەکە”.

لە بارەی نۆژەنکردنەوەی رێگاکە، زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاندووە، بۆ ماوەی چەند رۆژێک شەقامی مەحوی دادەخەین، هۆکاری داخستنی شەقامەکەش، بۆ کارکردن و چاککردنی بەشێک لە قیری تێکچووی رێگەکەیە.

وتەبێژی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، “ئاگاداری سەرجەم خاوەن دوکان و خاوەن گەنجینەکانی ئەو شەقامە دەکەین، کە هەر کارێکی گواستنەوە و هێنانی کاڵایان هەیە لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ئەنجامی بدەن”.