کیلۆمەتر و نیوێکە

رێگاکەی گوندی گاوانی قیرتاو دەکرێت

پێشەوا محەمەد

رێگای گوندی گاوانی لە قەزای بازیان قیرتاو دەکرێت و بە وتەی قایمقامی قەزاکەش بێت، هەوڵ دەدەن ئەو گوندانەی پێویستیانە ئەمساڵ کاریان بۆ بکەن.

رێگاکە کیلۆمەتر و نیوێکە و بڕی زیاتر لە 213 ملیۆن دیناری بۆ دابین کراوە.

ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی قەزای بازیان بە 964ـی راگەیاند، هەوڵی خۆیان خستووەتەگەڕ تا بتوانن ئەو گوندانەی رێگاکانیان پێویستیان بە قیرتاوکردنە بۆیان بکرێت.

وتیشی، “ئەمساڵ چەند گوندێک قیرتاوکردنیان بۆ دەرچووە، لەناو بازیان و شارۆچکەکانیشی لەناو کۆڵانەکان چەندان پڕۆژە لە جێبەجێکردندان و بەردەوامیش پڕۆژەی دیکە بەرزدەکەینەوە بۆ جێبەجێکردنیان”.

بازیان 60 گوندی بەسەرەوەیە، رێگای بەشێکی زۆری گوندەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردن هەیە.

“ئەوەی کە بتوانین قیرتاو بکرێت هەوڵی بۆ دەدەین، ئەگەرنا هەوڵ دەدەین تا کاتی قیرتاوکردن تێکەڵڕێژ بکرێن تا هاتوچۆی دانیشتوانیان بەتایبەت لە وەرزی زستاندا زۆر قوورس نەبێت”، ئەوەش قسەی ئیسماعیل ئەحمەدە.