لە داقوق
مەزارگەی ئیمام زینولعابدین داخرا
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
مەزارگەی ئیمام زەینولعابدین لە داقوق، بووەتە جێی مەترسی لە داڕووخانی، بەهۆی ئەوەی درزێکی زۆر لەسەر دیوار و شوێنەکانی دروست بووە، بەڕووی زیارەتکاراندا بە تەواوی داخرا.
ئەمڕۆ شەممە 11.5.2024 محەمەد عەبدولخالق، بەڕێوەبەری وەقفی شیعی لە کەرکوک بە 964ـی وت، “ئێستا مەزارگەکە بووەتە جێی مەترسی بۆ زیارەتکاران و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی بەپەلە هەیە، ساڵانێکی زۆرە نۆژەن نەکراوەتەوە.
وتیشی، “چەندین جار داوایان ئاراستەی بەڕێوبەرایەتیی وەقفی شیعی عێراق کردووە بۆ ئەوەی هاوکاریان بن لە نۆژەنکردنەوەی مەزارگە، بەڵام تائێستا بەدەم داواکەیانەوە نەهاتوون”.
راشیگەیاند، “هەفتەی پێشوو لەلایەن ئیدارەی قەزای داقوقەوە، مەزارگەی ئیمام زەینولعابدین بەڕووی سەردانیکەران داخرا، بەهۆی ئەوەی درز و شکاوییەکی زۆر لەسەر دیواری بەشێکی زۆری مەزارگەکە دروست بووە و بووەتە جێی مەترسی بۆ زیارەتکاران.
بینای مەزارگەی ئیمام زەینولعابدین لە داقوق دەکەوێتە خۆرهەڵاتی قەزاکەوە، بە دووری 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شاری کەرکوکەوە
ساڵانە بە تایبەت لەکاتی یاد و رێوڕەسمەکانی مەزهەبی شیعە، هەزاران کەس لە زۆربەی شارەکانی عێراقەوە سەردانی قەزاکە دەکەن، بۆ زیارەتی مەزارگەکە، کە هی شیعە مەزهەبەکانە و یەکێکە لە دوانزە ئیمامەکانی شیعە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا