پشکنینیان بۆ دەکرێت
لە هۆکارى مرداربوونەوەى نەورەسەکانى دەریاچەى دوکان دەکۆڵرێتەوە
964+
ژێوار خدر- رانیە
دەوترێت نەورەسەکانى دەریاچەى دووکان بە هۆى ئەنفلۆنزایەکى تایبەت توشى مردنى بەکۆمەڵ بوون، پۆلیسى دارستانى راپەڕینیش، دەڵێت لێکۆڵینەوە دەکەن.
عەقید خەسرەو محەمەد، وتەبێژى پۆلیسى دارستانى راپەڕین بە 964ـى وت،”ژمارەیەکى زۆر لە نەورەسەکانى دەریاچەى دوکان، ئەوانەى لە دورگە و تەپۆلکەکانى سنورى رانیە و بنگرد دەژین مردار بوونەتەوە”.
هەرچەندە تائێستا نازانرێت هۆکارى مرداربوونەوەى نەورەسەکان چییە، بەڵام وەک ئەوەى خەسرە و محەمەد باسى دەکات، ژمارەیەک نەورەسى مردارەوە بوو و زیندوو دەبەن بۆلاى پزیشکى ڤێرتەنەرى لە هەولێر بۆ ئەوەى هۆکارى مرداربوونەوەکەیان بزانرێت، چونکە ئەوەى هەیە و هەستى پێکراوە جۆرە ئەنفلۆنزایەک لەناویاندا بڵاوو بووەتەوە.
بەپێى ڤیدیۆیەکى تایبەت کە ئاراس رەسوڵ بۆ 964ـى ناردووە، دەردەکەوێت ژمارەیەکى زۆر لە نەورەسەکانى دەریاچەکە مردار بوونەتەوە، بەڵام تائێستا ژمارەیان نەزانراوە.
لەسەر ئەو بابەتە 964 قسەى لەگەڵ حەمەشوان بەرزنجى، بەڕێوەبەرى ژینگەى راپەڕین کرد، ئەو باسى لەوەکرد پاراستنى نەورەسەکان لە ئەستۆى بەرگرى شارستانییە و بنکەى پاسەوانیان هەیە، بەڵام لە ساڵانى رابردووش ئەو حاڵەتە هەبووە.
ئێستا وەرزى دانانى هێڵکەیە لەلایەن نەورەسەکانەوە، بۆیە مرداربوونەوەیان کاریگەرى لەسەر بەرهەمەکانیان دەکات.
نەورەسەکانى دەریاچەى دووکان، وێنایەکى جوانیان بە دەریاچەکە بەخشیوە و بووە بە نیشتمانى نەورەسەکان.
داڕشتنەوە: وریا فەتاح