ناوچە کوردییەکان بێ سایلۆن

دەرگاى سایلۆکانى کەرکوک بەڕووى جوتیاراندا دەکرێتەوە

964+
کاروان ساڵحی -کەرکوک

دەرگای سایلۆکانی کەرکوک بەڕووی جوتیاراندا دەکرێتەوە و دەست بە وەرگرتنی بەرووبومەکانیان دەکرێت، بەڵام تائێستا ناوچە کوردییەکانى کەرکوک بێ سایلۆن.

ئەمڕۆ هەینى 10.5.2024، بەشێوەیەکی فەرمی دەرگای سایلۆکانی کەرکوک بەڕووی جوتیاران دەکرێتەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەرووبوومی جوتیارانی هەرێم کوردستان وەرناگیرێت .

سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک بە 964ـی وت، ساڵانە تەنها بەرهەمی ئەو جوتیارانە وەردەگیرێت کە لە پلانی ساڵانەی کشتوکاڵ دایە، بەڵام ئەم ساڵ بە نوسراوی وەزارەتی بازرگانی عیراق بەرهەمی جوتیاران دەرەوەی پلانی فەرمانگەی کشتوکاڵیش وەردەگیرێت.

وتیشی،”بە هیچ شێوەیەک بەرهەمی جوتیارانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەرناگیرێت، بەڵکو تەنیا بەرهەمى شارو شارۆچکەکانى سەر بە کەرکوک وەردەگیرێت”.

لە شارى کەرکوک سێ سایلۆ بوونى هەیە کە یەکێکیان دەکەوێتە ناوچەى پیشەسازى و دوو سایلۆکەى تریش یەکێکیان لە ناحیەى ریازە و ئەوەى تریش دەکەوێتە ناحیەى تازە.

بەگشتی سایلۆکانی کەرکوک توانای وەرگرتنی 500 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، چەندین ساڵە جوتیارانی کورد داوای کردنەوەی سایلۆ دەکەن لە سنوری ناحیەی شوان و قەرەهەنجیر و پردێ، بەڵام سەرجەم داواکاریەکانیان بێ سود بووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

جوتیارانى سەرگەڕان و پەلکانە داواى بەهاناوەچوون دەکەن

جوتیارانى سەرگەڕان و پەلکانە داواى بەهاناوەچوون دەکەن