سەرۆکى شارەوانى دەڵێت، چارەسەرەکە کاتییە

کرێکارانى ژینگەپارێزى سرێشمە دەستیان بە کارکردن کردەوە

964+

وریا فەتاح

کرێکار و ژینگەپارێزانى شارەدێى سرێشمە، بەهۆى دواکەوتنى موچەکانیان بۆ ماوەى دوو رۆژ کارەکانیان راگرت و گرفتیان بۆ خاوێنکردنەوەى شارەدێکە دروستکردبوو، بەڵام لە ئێوارەى دوێنێوە کێشەکانیان بۆ چارەسەرکرا و گەرانەوە سەر کارەکانیان، سەرۆکى شارەوانی سرێشمەش دەڵێت،”چارەسەربوونەکە کاتییە و گومانم نیە کێشەکە سەرهەڵدەداتەوە”.

لاوە عومەر سەرۆکى کۆمپانیاى هزڵ بۆ پاککردنەوەى شارەدێى سرێشمە بە 964ـى وت، دواى ئەوەى بۆ ماوەى دوو رۆژ کرێکارەکانمان بەهۆى دواکەوتنى موچەکانیان کارەکانیان راگرت، ئێوارەى دوێنێ کێشەکەیان چارەسەرکرا و موچەیان پێدرا.

وتیشى، کرێکارەکان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و دەستیان بە پاککردنەوەى شارەدێکە کردووە.

کرێکارەکان ژمارەیان 18 کەسە و شارەدێى سرێشمە و دەورووبەرى پاکدەکەنەوە.

سۆران شێرزاد، سەرۆکى شارەوانى سرێشمە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ئەوە جارى یەکەم نیە کە کرێکارەکان کارەکانیان رادەگرن و گرفتەکەش خودى کۆمپانیاکەیە کە پابەند نەبووە بەو گرێبەستەى لەگەڵ حکومەت هەیەتى.

بە وتەى سۆران شێرزاد، کۆمپانیاکە ساڵى رابردووش سێ موچەى کرێکارەکانیان نەداوە.

هەرچەندە لە مانگى یەکى ئەمساڵ شارەوانى سرێشمە سزاى کۆمپانیاکەى داوە، بەڵام وەک ئەوەى 964 قسەى لەگەڵ سەرۆکى شارەوانى سرێشمەکرد، پێدەچێت جارێکى دیکەش بەهۆى کەمتەرخەمییەوە کۆمپانیاکە سزا بدرێت.

بنکەیەکی تەندروستی لە سرێشمە دروست دەکرێت

بنکەیەکی تەندروستی لە سرێشمە دروست دەکرێت