10 رۆژى پێویستە

بە سێ ملیۆن دینار کێشەى کۆبوونەوەى ئاو لە زەڕایەن چارەسەر دەبێت

964+

بڕوا مەجید _ ناحیەی زەڕایەن

لەگەڵ هەر شەپۆلێکى باران بارین، بەردەمى مزگەوتى دەروازەى زەڕایەن توشى کۆبوونەوەى ئاو دەبوو، بەهۆیەوە چەند جارێک هاتووچۆى ئۆتۆمبێلى لە نێوان سلێمانى بۆ شارەزوور پەکدەخست، بەڵام شارەوانى بڕیاریداوە چارەسەرى بکات.

بورهان مەلا رەشید سەرۆکی شارەوانی زەڕایەن بۆ بە 964ـى وت، دەستمانکردووە بەدروستکردنی باراناوێک کە بەتەواوی کێشەی کۆبونەوەی ئاوى باران لە ناحیەکەدا چارەسەردەکات.

باراناوەکە تەنیا سێ ملیۆن دینار تێچووەکەیەتى کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانیەوە تەرخانکراوە، بەڵام بە وتەى بورهان مەلا رەشید، بەیەکجارى کێشەکە چارەسەر دەکات.

بەقسەى سەرۆکى شارەوانى زەڕایەن بێت، لەماوەی 10 رۆژدا باراناوەکە دروست دەکرێت، بەبێ ئەوەی زیان بەشەقامە گشتییەکە بگات راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە ئاوەڕۆی سندووقى ناحیەکەوە.

زەڕایەن دەکەوێتە قەزاى شارەزوورى سەر بە پارێزگاى سلێمانى، بەپێى ئامارى ساڵى 2017، ژمارەى دانیشتوانى ناحیەکە 26 هەزار و 940 کەسە، کە بەسەر چوار هەزار و 997 خێزاندا دابەشبوون، لەو ژمارەیە لە ناوەندی ناحیەکەدا  سێ هەزار و 436 خێزان دەژین.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح