"خەڵک بە تانکەر ئاو دەکڕن"

بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ بووە و دانیشتوانەکەشی بێ ئاون

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژی کرد، بەڵام دانیشتوانەکەی دەڵێن، ئاوی خواردنەوەیان نییە و بەنداوەکە خێری نییە بۆ دانیشتوانی قەزاکە.

سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی قەزای دەربەندیخان، ئاوی رووباری سیروانە کە لە بەنداوەکەوە دەڕژێتە رووبارەکەوە.

ئاسۆس ئەحمەد، ھاوڵاتیەکی دانیشتوی قەزای دەربەندیخانە بە 964ى وت،”خەڵک سەرڕێژبوونی بەنداوی ناوێت، بەنداوەکە بووە بە مەینەتی بۆ دانیشتوانی قەزاکە، بەنداو سەرڕێژ دەکات کەچی خەڵکی بە تانکەر ئاو دەکڕێت”.

“ھاوڵاتیانی ئەم قەزایە ھەمووی توشی نەخۆشی بووە بەدەست ئەو ئاوە پیسەوە، خەڵکی بەناچاری دەڕوات لە کانیاوەکانی نزیک قەزای دەربەندیخان بە دەبە ئاوی خوادنەوە دەھێنن” ئاسۆس ئەحمەد وای وت.

جگە لە بەنداوی دەربەندیخان، قەزاکە خاوەن بەنداوێکی ترە بەناوی بەنداوی دێوانە، دەکەوێتە بەشی خوارەوەی قەزای دەربەندیخان، لەماوەی ئەمساڵدا دووجار ئەو بەنداوەش سەرڕێژی کردووە.

عەتا محەمەد، دانیشتویەکی تری قەزای دەربەندیخانە بە 964ى وت،”جگە لەوەی ئەو ئاوەی بە ماڵان دەدرێت بەکەڵکی ھیچ نایات، ئەوەشمان پێ رەوا نابینن چەند رۆژ جارێک ئاومان پێدەدەن، خەڵک بەناچاری تانکەرە ئاو دەکڕێت”.

ئەو هاوڵاتییە دەڵێت: ئەو ماڵانەی کە بیری ئیرتوازیان ھەیە، لەڕێی خوا لەپێش دەرگاکانیان تانکیەکیان داناوە و پڕی دەکەن لە ئاو، خەڵکیش دەڕوات رۆژانە بۆ خواردنەوە و چێشت لێنان لەو ئاوە دەھێنین.

رۆژی پێنجشەممە 2.5.2024 تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، سەردانی قەزاکەیان کردبوو بۆ دیاریکردنی ئەو کەم و کورتیانەی لە پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەزای دەربەندیخان ھەیە و چارەسەریان بکەن، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، “ئاگاداری ئەو سەردانە نەبوونە و ھیچ پرسێکیان پێ نەکردوین و لە ئەنجامی سەردانەکەش ئاگاداریان نەکردوینەتەوە”.

سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت،”تاکە چارەسەری بۆ ئاوی خواردنەوەی ھاوڵاتیان تەواوکردنی پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخانە”.

پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان لە ساڵی 2012ەوە، بەردی بناغەی دانراوە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی چەندینجار کارکردنی لە پرۆژەکە راگیراوە، ئێستا کارکردن تێیدا دەستیپێکردۆتەوە، نزیکەی 60%ى پرۆژەکە تەواو بووە.

بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە دانیشتوانی قەزای دەربەندیخان گرفتی ئاوی خواردنەوەیان نامێنێت و ئاوی خاوێنیان پێدەدرێت، سلێمان محەمەد وای وت.

پێداچوونەوە: هاوبەش

دوای هەشت ساڵ بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژی کرد

دوای هەشت ساڵ بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژی کرد