خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلی گەورە خۆپیشاندانیان کرد
+964
ئاودێر عومەر
لەسەر لێسەندنەوەی ئەو پارچە زەوییەی بۆیان دابینکراوە، ژمارەیەک خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێل لە سلێمانی، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
پەیامنێری +964 لە شوێنی رووداوەکەیە دەڵێ: کۆمەڵێک کاسبکارو خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێلی گەورە لە نزیک تاسڵوجە گردبوونەوە.
ئەو پارچە زەوییەی کە داوای چۆڵکردنی دەکرێت، رووبەرەکەی 150 دۆنمە کە دەکاتە 375 هەزار مەتر دووجایە، کاسبکار هەیە لە ساڵی 2005ـەوە زەوییەکەی کڕیوە.
خاوەن پێشانگاکان لەلایەن حکومەتەوە ئاگادار کراونەتەوە شوێنەکانیان چۆڵبکەن، چونکە دراوە بەکۆمپانیایەک کە بیکاتە پڕۆژە، ئەوانیش بە مەرجی قەرەبووکردنەوەو دابینکردنی شوێنێک رازین چۆڵی بکەن.
ئەحمەد محەمەد، خاوەن گەراجێکی ئەو شوێنەیە بە 964+ وت “ئێمە ئەو زەویانەمان لە خەڵکی جووتیار کڕیوە، ئەوانیش لە باوک و باپیریانەوە فەلاحی تێدادەکەن و سورەت قەیدیان هەیە، زەویەکان میرییە، سەردانی ناحیەمان کردووە پێیانوتوین ئەتوانین رێکارەکانی فەرمانگەکان تەواو بکەین تا بۆتان بکەین بە گرێبەستی ساڵانە”.
زیاتر وتی “من دوو دۆنم زەوییم بە هەشت دەفتەر دۆلار کڕیوە، ناکرێت هەروا بە ئاسانی داوای چۆڵکردنی بکرێت”.
لەو 150 دۆنمە، زیاتر لە 30 خاوەنکار گەراجی گەورەیان لەسەر دروستکردووەو کردوویانە بە پێشانگای ئۆتۆمبێلی گەورە.