نێچیرڤان بارزانی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکات
+964
کوردستان ئەحمەد
لەگەڵ ئەوەی هێشتا لایەنە سیاسییەکان لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک، پارێزگاری هەولێر ئاشکرای دەکات کە بەم نزیکانە سەرۆکی هەرێم رۆژی هەڵبژاردن دیاریدەکات.
کەمێک پێش ئێستا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەمنزیکانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردن دەستنیشان دەکات.
ئەو قسەیەی پارێزگاری هەولێر لە کاتێکدایە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ دوو وەرزی یاسادانان، لایەنە سیاسییەکان هیچ گفتوگۆیەکیان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن نەکردووە کە دوو دیارترین هۆکار بوون لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا کە بە مەروسمی سەرۆکی هەرێم بووایە دەبوو لە یەکی تشرینی یەکەمی 2022 هەڵبژاردن بکرایە.
ئۆمێد خۆشناو دەڵێت: حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆچونی وایە نەدەبوو هەڵبژاردن دوابخرێت
“دواكەوتنی هەڵبژاردن هیچ بیانووێك هەڵناگرێت و بەهیواین هەڵبژاردن بكرێت و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كاربكەن لەسەر كاراكردنەوەی کۆمسیون و هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن”. ئومێد خۆشناو وای وت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی كوردستان واژۆ كرد و بڕیاریدا رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2022 هەڵبژاردن بکرێت.
پەرلەمانی كوردستان لە 9ـی تشرینی یەکەمی 2022 تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرزی یاسادانان درێژكردەوە.