قسەی ناشیاوی کردووە

ئەو گەنجەی ناوی لەخۆی نابوو “مافیای ئاکرێ” دەستگیرکرا

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

پۆلیسی ئاکرێ گەنجێکی تیکتۆکچی تەمەن 18 ساڵەیان دەستگیرکردووە کە لە لایڤی تیکتۆک قسەی ناشیاوی کردووە، ئەمەش بەپێی قسەی پۆلیس.

عیماد زێباری، وتەبیژی پۆلیسی ئاکرێ بە 964ی وت، ئەو گەنجەی دەستگیرکراوە، لە تیکتۆک وەک “مافیای ئاکرێ” خۆی دەناساند و قسەی ناشیاوی دەکرد، هاوکات ڤیدیۆی نەشیاو و دوور لە کلتور و داب و نەریتی گشتی”الاداب العامة”ی بڵاودەکردەوە، بۆیە بڕیاردرا دەستگیرکرا.

وتیشی، بەپێی بریاری دادوەری لیکۆڵینەوەی ئاکرێ و بەپێی یاسایی ژمارە دووی پەیوەندی لە یاسای خرراپ بەکارهینانی ئامێرەکانی پەیوەندی، ئەو گەنجە دەستگیرکرا.

“ئەم گەنجە دووەم جارە لەلایەن پۆلیسی ئاکرێ لەسەر هەمان رەفتار دەستگیردەکرێت، بەڵام ئەمجارە کچێک لەگەڵی دەردەکەوێت، ئەگەر دادوەر بڕیاری دەستبەسەرکردنی کچەکە بدات ئەویش دەستگیر دەکرێت” عیماد زێباری وای وت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی