13 کیلۆمەتریان دەوێت
داوای فراوانکردنی سنووری گوندی قەرەنیاغا دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
دانیشتوانی گوندی قەرەنیاغا داوای فراوانکردنی سنووری گوندەکەیان دەکەن، بەڕێوەبەری فەرمانگەیەکی پەیوەندیدار بەو بابەتە دەڵێت، کارەکانیان بۆ دەکرێت و ئاراستەی یەکەی ئیداری و ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت.
لە یاداشتی فراوانکردنی گوندەکەیاندا، دانیشتوانەکەی داوای زیادکردنی 13 کیلۆمەتریان کردووە.
محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین بۆ 964ـی روونکردەوە، فراوانکردنی گوندەکان نابێت لەسەر حسابی زەویی کشتوکاڵی بێت و دەبێت لەسەر زەوییە بێکەڵکەکان فراوانبوونەکە ئەنجام بدرێت.
وتیشی، “هەر فراوانبوونێک حسابی فراوانبوونی مۆدێرنی بۆ دەکرێت ئەگەر لە سنووری گوندەکانیش بێت، بۆیە بیر لە شەقام و شۆستە و قوتابخانە و سەوزایی و سیستمی ئاوەڕۆ و کارەبا دەکرێتەوە”.
گوندی قەرەنیاغا سەر بە ناحیەی چوارقوڕنەیە لە ئیدارەی راپەڕین.
“دەبێت سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان رەزامەند بن و کاری خۆیان بکەن، پاشان یەکەی ئیداریی ئەو شوێنە رەزامەند بێت و دواتر دەچێتە ئەنجومەنی پارێزگا و لەوێشەوە دەنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیران تا رەزامەندیی لەسەر بدرێت”، ئەوەش قسەی محەمەد کەریمە.