بەشێک لە خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقامێکی تووەسپی - وێنە: شارەوانیی سلێمانی
کۆمپانیایان بۆ دابین کراوە
داوا لە دانیشتوانی تووەسپی دەکرێت خۆڵ و خاشاک بڵاونەکەنەوە
پێشەوا محەمەد
شارەوانیی سلێمانی لە رێگەی شارەوانیی تووەسپییەوە هاوڵاتیانی تووەسپی و فەیاڵیان ئاگادار کردووەتەوە خۆڵ و خاشاک لەبەردەم ماڵەکانیان کۆبکەنەوە و لە شوێنی دیکە فڕێی نەدەن.
دوێنێ ئامێرەکانی شارەوانیی سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیایەکی پاککەرەوە سەرجەم گەڕەکەکانی تووەسپی و فەیاڵیان لە خۆڵ و خاشاک پاک کردەوە کە دیمەنێکی ناشیرینیان بە چەند شوێنێکی ئەو گەڕەکانە گەیاندبوو.
“ئەوە چەندان جارە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقامە گشتییەکان فڕێ دەدەن و ئەوەش دیاردەیەکی ناشیرینە و سیمایەکی ناشارستانی پیشان دەدەن”، ئەوە قسەی ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانییە بۆ 964.
وتیشی، “ئێمە کۆمپانیایەکمان بۆ دابین کردوون هەفتانە دوو یان سێ رۆژ بچنە ئەو گەڕەکانە و خۆڵ و خاشاک کۆبکەنەوە و لەبەردەم ماڵەکان نەیهێڵن”.
بە وتەی ناوبراو، ماڵەکانی ئەو گەڕەکە ئاگادار کراون خۆڵەکانیان دووڕنەخەنەوە و دوای ئەوەی ئاگادار کراونەوە پابەند نەبن ئەو شوێنەیان پێ پاک دەکرێتەوە کە خۆڵەکەی لێدەڕێژن.