"کەڵکی نەماوە، دەبێ بگۆڕدرێ"

محاویلەکەی گەڕەکی بەرکێو تەقیوە و خەڵک بێ کارەبایە

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

بەهۆی تەقینی محاویلەیەکەوە لە قەزای پێنجوێن، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەوە، گەڕەکی بەرکێو و دوو فەرمانگەی قەزاکە بێ کارەبا بوون و تائێستا بۆیان چاک نەگەڕێندراوەتەوە.

جگە لەو گەڕەکە کە نزیکەی 200 ماڵ دەبن، هەریەک لە فەرمانگەکانی بانک و دادگای پێنجوێن بەهۆی ئەو محاویلەیەوە بێ کارەبا بوون.

ئەمڕۆ سێشەممە 7.5.2024، هاوڕێ جەمال، دانیشتووی ئەو گەڕەکەیە بە 964ی وت، “ماوەی نۆ کاتژمێرە کارەبایان بڕاوە” و باسی لەوەشکرد، “ئەمە دووەم جارە ئەو حاڵەتەیان بەسەردا دێت و جاری پێشوو چاکیان کردەوە، بەڵام وەک خۆی لێهاتووەتەوە”.

لە بارەی گرفتی ئەو محاویلەیەوە، سەرچاوەیەک لە هۆبەی چاککردنی کارەبای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، “محاویلەکە بەهۆی فشاری زۆرەوە تەقیوە و پێشتریت جارێکی دیکە تەقیوە و چاکیان کردووەتەوە، بەڵام ئەم جارە بەتەواوی سوتاوە و دەبێت بگۆڕدرێت”.

بە قسەی سەرچاوەکەی کارەبای پێنجوێن، “ئەو محاویلە تەنیا گەڕەکی بەرکێوی لەسەر نییە، بەڵکو چەند فەرمانگەیەکی گەورەی قەزاکەی لەسەرە وەک بانک و دادگای پێنجوێن”، 964 سۆراغی ئەوەی کردووە، کارەبای پێنجوێن، داوای محاویلەی کردووە و لەگەڵ گەیشتنی محاویلەکە دەگۆڕن.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، بەهۆی هەورەبروسکەوە چەند فنجانێکی کارەبای پێنجوێن تەقیون، لە چەند جێگایەکیش محاویلە فیوزی کردووە، ئەو سەرچاوە بەرپرسەی کارەبای پێنجوێن ئەوەشی وت، “سەرجەمیان چاک کراونەتەوە، لەلایەن تیمەکانی هۆبەی چاککردنەوە”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

چاڵوچۆڵی رێگای چەند گوندێکی پێنجوێن پڕکرایەوە

چاڵوچۆڵی رێگای چەند گوندێکی پێنجوێن پڕکرایەوە

رێگه‌ نه‌درا ئاردێكی نه‌شیاو ده‌رخواردى هاوڵاتیانى ...

رێگه‌ نه‌درا ئاردێكی نه‌شیاو ده‌رخواردى هاوڵاتیانى پێنجوێن بدرێت