50 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە
لە هەڵەبجە باخچەیەک لەناو بازاڕ دروست دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
لەناو بازاڕی هەڵەبجە باخچەیەکی نوێ دروست دەکرێت و سەرۆکی شارەوانییەکەی دەڵێت، 50 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.
کارەکە لە لایەن شارەوانیی شارەکەوە ئەنجام دەدرێت و بوودجەکەشی لە لایەن کۆمپانیای ئێس کەی گرووپەوە دابین کراوە.
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، ئەو باخچەیە زۆر گرنگ بوو لەناو بازاڕ و هاوڵاتیان دەتوانن بۆ دانیشتن و حەوانەوە سوودی لێببینن و دیمەنێکی جوانیش بە ناوبازاڕی هەڵەبجە دەبەخشێت.
وتیشی، “ئێستا دەستمان بە کارکردن کردووە تیایدا و هەوڵ دەدەین لە زووترین کاتدا تەواوی بکەین و بیخەینە خزمەتی هاوڵاتیانی شارەکەوە”.
لە ناوشاری هەڵەبجە 63 باخچە و بلوار بوونیان هەیە.
سەرۆکی شاەوانیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش دا، باخچەکە لە رووی ئاو و پاراستنییەوە هیچ کێشەیەکی نابێت و ئاوی خۆی هەیە.
“لە بەرنامەماندایە سێ باخچەی دیکە دروست بکەین و چاوەڕوانی دابینکردنی بوودجەین بۆیان”، ئەوەش قسەی سەلام بیلالە.