مانگی رابردوو

لە سلێمانی هەر رۆژێک زیاتر لە 28 منداڵ لەدایک بوون

پێشەوا محەمەد

مانگی رابردوو 857 منداڵ لە شاری سلێمانی لەدایکبوون، تەندروستی سلێمانی دەڵێت، لەدایکبوون بە سروشتی زیاتر بووە.

بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی، مانگی رابردوو دوو هەزار و 270 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاری سلێمانییان کردووە و هەزار و 497 نەخۆش داخڵ کراون.

بە پێی ئامارەکە، لەو رێژە منداڵەی لەدایکبوون 446 منداڵیان كوڕ بوون و 411 منداڵیان كچ بوون، لەو ژمارەیە 491 منداڵ بە شێوەی سروشتی لەدایكبوون و ئەوانی دیکەش بە نەشتەرگەری لەدایکبوون.

“لە مانگی رابردوودا لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاكەوتنی فێركاری 190 منداڵ لە بەشی نەبەكام داخڵ كراون و 13 حاڵەتی لەدایكبوونی دووانە و دوو حاڵەتی لەدایكبوونی سیانە هەبووە، هەروەها 131 لەبارچوونی منداڵ تۆمار كراوە و هەزار و 179 سۆنەریش گیراوە”, تەندروستی سلێمانی وادەڵێت.

مانگی سێی ئەمساڵ 832 منداڵ لە شاری سلێمانی لەدایک بوون, هەروەها 99 حاڵەتی لەبارچوونی منداڵ تۆمار کرابوو.