تینی ئاگرەکەی هەولێر گەیشتە سلێمانی

قایمقامیەتی سلێمانی بڕیارێکی بۆ دوکاندارەکان دەرکرد

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

قایمقامیەتی قەزای سلێمانی جوابی بۆ دوکاندارەکانی بازاڕی لەنگەی سلێمانی ناردووە: زوو بەردەمی دوکانەکان بکەنە شووشە، ئیتر ناهێڵین بە پەردە دوکانەکان دابخەن، چونکە ئەوە سەلامەت نییە و ئەگەری ئاگرکەوتنەوە زیاد دەکات.

ئەم بڕیارەی قایمقامیەتی سلێمانی هاوکاتە پێشت هەبووە، بەڵام لەگەڵ سوتانی بازاڕی قەیسەری هەولێر جێبەجێکردنی توندوتۆڵ کراوە، دوێنێ شەو قەیسەری سووتا و 372 دوکان بەتەواوی سووتاون.

بازاڕی لەنگەی سلێمانی سەروو 400 دوکانی تێدایە، وەک قەیسەری هەولێر لە ناو جەرگەی شاردایەو نزیکە لە مزگەوتی گەورەوە، بازاڕێکی چڕو قەرەباڵغەو زۆربەی دوکانەکان هی جلوبەرگ و جانتاوپێڵاون، پسپۆڕانی بەرگری شارستانی دەڵێن ئەم جۆرە بازاڕانە لە چاو ئەوانی دیکە زیاتر مەترسی تەشەنەکردنی ئاگریان لەسەرە.

پەیامنێری 964 لە سلێمانی سۆراغی کرد، زۆربەی دوکانەکان هێشتا پەردەیەک دەدەن بەسەر کەلوپەلەکانداو دەڕۆنەوە، بڕیارەکەی قایمقامیەتیان پێ باشە، بەڵام گلەییان لە گرانی تێچوونەکەی هەیە.

یاسین نادر لەناو بازاڕی کۆنەی سلێمانی دوکانی فرۆشتنی جانتای بالەی هەیە، وتی بەڵێ بڕیارەکەمان پێ وتراوە.
یاسین دەڵێت ”ئەوە کارێکی باشە بۆ رێگریکردن لە ئاگر، بەڵام بەشێک لە دوکاندارەکان ناڕازین و دەڵێن ئەوە خەرجییەکی زۆری دەوێت و قایمقامییەت بە ناچاری پێیان دەکات”.

ساڵی 2011 ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی سلێمانی کەوتەوە، ئەوکات وتیان بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، بۆیە سەر لەنوێ سیستەمی کارەبای بازاڕەکە داندرایەوە.

گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964ـی وت ”بازاڕەکە مەترسی سووتانی لەسەر نییە و سیستمی کارەباکەی زۆر سەلامەت بوونیات نراوەتەوە، بڕیاری لابردنی پەردەی دوکانەکان بۆ رێگریکردنە لە رووداوی نەخوازراوی ئاگر و هەنگاوی پێشوەختەیە بۆ زیاتر گەرەنتیکردنی سەلامەتیی بازاڕەکە”.

پێداچوونەوە : ژووری هەواڵ