شەشەمین کتێبیەتی بە ئەڵمانی

رۆمانی “کۆشکی باڵندە غەمگینەکان”ـی بەختیار عەلی بە ئەڵمانی بڵاودەکرێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد

وا بڕیارە رۆمانی “کۆشکی باڵندە غەمگینەکان”ـی نووسەر و رۆماننووس بەختیار عەلی لە 19.8.2024 بە زمانی ئەڵمانی بڵاوببێتەوە، کە دەبێتە شەشەمین کتێبی نووسەر بە زمانی ئەڵمانی.

رۆمانەکە بە ناونیشانی “خاتوونی باڵندەکان” بە ئەڵمانی بڵاودەکرێتەوە و لە لایەن راوێژ سەلیم و ئوتە کانتێرالانگ کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە، دەزگای چاپی یونیۆنس ڤێرلاگ بڵاوی دەکاتەوە.

راوێژ سەلیم، یەکێک لە وەرگێڕەکانی رۆمانەکە بە 964ـی راگەیاند، رۆمانەکەیان بە نزیکەی ساڵ و نیوێک وەرگێڕاوە و داویانەتە چاپخانەکە.

964 پرسیاری هۆکاری گۆڕینی ناوی رۆمانەکەی کرد لە چاپە ئەڵمانییەکەیدا، راوێژ سەلیم وەڵامی دایەوە و وتی، “گۆڕینی ناوی رۆمان کاتێک وەرگێڕانی بۆ سەر زمانێکی دیکە بۆ دەکرێت ئاساییە و مەرج نییە ناونیشانەکە وەک خۆی وەربگێڕدرێت، ئەو ناوەش لەناو رۆمانەکەدا بەکاردێت و لە جێگەیەکدا بە سەوسەن فیکرەت دەوترێت خاتوونی باڵندەکان”.

پێشتر هەریەکە لە رۆمانەکانی؛ “دواهەمین هەناری دونیا، شاری مۆسیقارە سپییەکان، ئێوارەی پەروانە، جەمشید خانی مامم، کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد” بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکراونەتەوە لەگەڵ کتێبێکی کۆمەڵە وتار بەناوی “خەندەکەی دیکتارتۆر”.

راوێژ سەلیم ئاماژەی بەوەش دا، بۆ گۆڕینی ناوی رۆمانەکە پرس بە نووسەرەکەی و وەرگێڕەکان کراوە و رەزامەندییان وەرگیراوە و پاشان ناونیشانەکەی بەو شێوەیە جێگیر کراوە.

وتیشی، “کتێبەکە بە کوردی چۆن نووسراوە هەر بەو شێوەیەش بە ئەڵمانی بڵاودەکرێتەوە، هیچ دەستکاری نەکراوە و هیچ کورتکردنەوە و لابردنێکی بۆ نەکراوە”.

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ...

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ 964 دەدوێت