ره‌وانه‌ى پزیشكى داد كراوه‌

هاوڵاتییه‌ ونبوەکەی سۆران بە مردوویی دۆزرایەوە

964+
ئاکام غەفور- سۆران

دوای ئەوەی دوێنێ نیوەڕۆ کەسێک لە کوێستانەکانی زینوێی باڵەکایەتی ون بوبوو، کەمێک پێش ئێستا تەرمەکەی دۆزرایەوە.
ئەو کەسەی ون بوبو ناوی حوسێن حەسەنە و تەمەنی 60 ساڵ بوو، دانیشتوی شاری سۆرانە، بەوتەی کەسوکاری بۆ گژوگیای بەهارە رۆیشتوە.
محەمەد حوسێن، کوڕی ئەو هاوڵاتییه‌، به‌ 964 ـى وت، لە دوێنێوه‌ باوكى لەگەڵ چەند دۆستێکی دەچێتە باڵەکایەتی بۆ کردنی گیای بەهاره‌، بەڵام لەوێ لە هاوڕێکانی دادەبڕێت و بەهۆی بونی تەمومژێکی زۆر نەیانتوانی بیدۆزینەوە.
وتیشی “باوکم هیچ نەخۆشیەکی درێژخایەنی نەبوو شارەزا بوو لە شاخ، دوێنێ ئێوارەش كه‌ وه‌ڵامى په‌یوه‌ندیه‌كه‌ى داینه‌وه‌، ناڵەی دەهات و دوای ئەوە موبایلەکەی داخرا”.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بە 964ـی راگه‌یاند، لە دوێنێوە تیمەکانیان بەدوای ئەو هاولاتیه‌دا دەگەڕێن هەتا درەنگانى شەوی رابردووش هەر بەردەوام بونه‌ لە گەڕان.
وتیشی “ئه‌م بەیانیە چوار تیمی بەرگری شارستانی و هاوڵاتیانی باڵەکایەتی و کەسوکاری ونبووەکە بەدوایدا گه‌ڕان و نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمەکەمان دۆزیەوە، کە نزیک بوو لەو شوێنەی لی ون بوبوو”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، جارێ ناتوانن هیچ زانیاری له‌باره‌ى هۆکاری مردنەکەی رابگه‌ینن چونكه‌ حاڵه‌تى مردنه‌كه‌ى نادیارە و دواى ئه‌نجامى پشكنینى توێكارى هۆكاره‌كه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هاوڵاتییه‌كى ته‌مه‌ن 60 ساڵان له‌ كوێستانه‌كانى زین...

هاوڵاتییه‌كى ته‌مه‌ن 60 ساڵان له‌ كوێستانه‌كانى زینوێ ونبووه‌