ئامێری تاقیکردنەوەی شەکرە بەدەست کەسێکەوە - وێنە: ماڵپەڕی diabetes
لە سلێمانی
سەنتەری شەکرە و کوێرەگلاندەکان چارەسەری 40 هەزار نەخۆش دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
سەنتەری شەکرە و کوێرەگلاندەکان لە شاری سلێمانی 40 هەزار نەخۆشی هەیە و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکات.
نەخۆشخانەکە تەنیا نەخۆشخانەی فەرمی و حکومییە لە شارەکە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانییە.
رەحمان مەحمود، بەڕێوەبەری سەنتەری شەکرە و کوێرەگلاندەکان بە 964ـی راگەیاند، لە سەنتەرەکەیان خزمەتێکی زۆر بەو 40 هەزار نەخۆشە دەکەن لەگەڵ ئەوانەش کە یەکەمجاریانە دەچنە سەنتەرەکە.
وتیشی، “هەموو پێداویستییەکانی وەک پشکنین، دەرزی، رێنمایی خۆراکی، پشکنینی چاو، دەرمانخانە و تیشک لە سەنتەرەکە بەردەستە و نەخۆش پێویست ناکات بۆ هیچ کارێک بچێتە دەرەوەی نەخۆشخانەکە”.
بەپێی ئامارێک کە 964 لە سەنتەرەکەوە بەدەستی هێناوە، 60%ـی ئەوانەی سەردانی ئەو سەنتەرە دەکەن تەمەنیان لەنێوان 45 بۆ 60 ساڵدایە.
“لێرە بە نرخێکی زۆر کەم خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە نەخۆشانی شەکرە دەکرێت، بۆ نموونە دەرزیی ئەنسۆلین لە دەرەوە بە 25 هەزار دینارە و لە سەنتەرەکە بە 500 دینار دەدرێت بە نەخۆش”، ئەوەش قسەی رەحمان مەحمودە.