لە قەڵادزێ
پۆلیسێک بە هۆی تەقینی بوتڵی کلۆرەوە گیانی لەدەستدا
964+
محەمەد عەلی – قەڵادزێ
ئەو بوتڵە کلۆرەی کە دوو رۆژە لێی دەچێت و مەترسی دروستکردبوو لە پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ بەهۆی تەقینیەوە پۆلیسێک گیانی لەدەستداوە.
پەیامنێری 964 زانیاری ئەوەی لایە، پۆلیسەکە کارمەندی پرۆژەی ئاوەکەیە و کەسێکی دیکەش هەر بەو هۆیەوە تەنگە نەفەسەو لە نەخۆشخانەیە.
رابەر حەسەن وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە 964ـی وت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوتڵی کلۆرەکە زۆری لێچووە و ئەو پۆلیسەش لەوێ ماوەتەوە بۆیە هەر بە بۆنەکەی گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.
وتیشی، کارمەندێکی دیکەیان بە خەستی تەنگە نەفەس بووە و لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.
دکتۆر ئازاد محەمەد بەڕێوەبەری فریاکەوتنی قەڵادزێ بە 964ـی وت، ئەو پۆلیسە هەر لەوێ گیانی لەدەستداوە و هەرچەندە هاوڕێکەی ویستوویەتی بە کۆڵ رزگاری بکات بەڵام ئەویش تەنگە نەفەس بووە.