حاسڵاتی رۆژ

تەقە لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور کرا

+964

ژووری هەواڵ

میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکاران بڵاویان کردەوە، پارێزەرەکانی ئۆجەلان داوایەکی نوێیان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بتوانن سەردانی ئیمراڵی بکەن و لە حاڵی ئۆجەلان بپرسن، بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە، چوار ساڵە نە پارێزەران و نە کەسوکارەکەی ناتوانن ئۆجەلان ببینن.

ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند باندێکی زۆر مەترسیداری تیرۆریستیان لە رەققە دەستگیر کردووە، باندەکە لە پێنج کەس پێکهاتوون و جۆرەها چەکیان لەبەردەستدا بووە، ئاسایش دەڵێت لە رۆژانی داهاتوودا دانپیادانانی باندەکە بڵاودەکاتەوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند لە هەفتەی رابردوودا 43 گەریلایان کردووەتە ئامانج، لە بەرامبەردا پەکەکە رایگەیاند لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا 13 چەکداری تورکیان کوشتووە.

لە دەوروبەری بانە شەوی رابردوو تەقە لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوورو ژمارەیەک چەکدار روویداوە، پاسەوانێکی خەڵکی کرماشان کوژراوە، ئەو بنکەیەی هێرشەکەی کراوەتە سەر یەکێکە لەو بنکانەی تەقە لە کۆڵبەرەکان دەکات.

دوای سێ رۆژ لە بێسەروشوێن بوونیان، ئێوارەی دوێنێ تەرمی دوو لە هاوڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کوێستانەکانی ناوچەی برادۆست لە قەزای سیدەکان دۆزرانەوە، کە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.

قەول وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێکردن بە بنیادنانی نەخۆشخانەیەکی گەورەی ژنان لە قامیشلۆ رابگەیەندرێت، نەخۆشخانەکە سەد قەرەوەڵێییەو بەشێکی تایبەتیشی تیادەبێت بۆ منداڵانی تازە لەدایکبوو.