دووانیش له هه‌ولێرن
دوو خوێندکارى هه‌ڵه‌بجه گه‌یشتنه قۆناغی کۆتایی ئۆڵمپیادی نێودەوڵەتى كازاخستان
964+
عومه‌ر فه‌تاح ــ هه‌ڵه‌بجه
دوو خوێندکارى هه‌ڵه‌بجه‌یی توانییان پلەكانی یەکەم و چوارەم لەسەر ئاستی عێراق له بوارى تاقیكردنه‌وه‌ى زینده‌وه‌رزانى بەدەستبهێنن و سەربکەون بۆ قۆناغی کۆتایی ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتی.
ئۆڵمپیادی نێودەوڵەتی زیندەزانی كه به IBO ناسراوه، یەکێکە لە بەناوبانگترین ئۆڵمپیادە نێودەوڵەتییە زانستییەکان و تایبه‌ت به قۆناغەکانی پێش زانکۆ بۆ تەمەنی خوار 20 ساڵ، ئەمساڵ لە وڵاتی کازاخستان بەڕێوەدەچێت، خوێندكارانى 160 وڵاتى جیاواز به‌شدار ده‌بن.
شاد نەوشیروان و شازاد مەلیک، ئه‌و دوو خوێندكاره‌ن له خوێندنگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ى هاوبه‌شى كوڕان، هاوشانى دوو خوێندكارى دیكه له شارى هه‌ولێر سەرکەوتوون بۆ قۆناغی کۆتایی.
مامۆستا مه‌به‌ست محسین، سه‌رپه‌رشتیار و مامۆستاى ئه‌و دوو خوێندكاره به 964ى وت، نزیكه‌ى 25 ساڵه ئه‌م تاقیكردنه‌وهیه هه‌یه و هه‌ر وڵاتێكش ته‌نها چوار خوێندكار سه‌رده‌كه‌ون بۆ تاقیكردنه‌وه‌ى كۆتایی.
وتیشی “دوو خوێندكاره‌كه‌مان دوای تێپەڕاندنی سێ قۆناغی هەڵسەنگاندن و تاقیكردنه‌وه‌ى تیئۆ‌رى بەدرێژایی ساڵانی 2023 و 2024 و هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، لە قۆناغی پێش کۆتایی لە شاری هەولێر بەشدارییان کرد و توانییان خۆیان بگەیەننە قۆناغی کۆتایی ئۆڵمپیادەکە”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ده‌یانه‌وێت بۆ قۆناغى كۆتایی كه‌مپێكى تایبه‌تیان له هه‌ولێر بۆ بكه‌نه‌وه و له رووى عه‌مه‌لیشه‌وه شاره‌زایی ته‌واو وه‌ربگرن به‌هاوكارى مامۆستایان و پسپۆرانى زانكۆى نێوده‌وڵه‌تى تیشك.
964 ده‌زانێت، دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خوێندكارێكى دیكه‌ى هه‌مان خوێندنگه‌ى هه‌ڵه‌بجه، له وڵاتى ئه‌رمینیا وه‌ك نوێنه‌رى عێراق به‌شداربوون و توانیویه‌تى پله‌ى هه‌شته‌م له‌سه‌ر ئاستى جیهان به‌ده‌ستبهێنن.
بڕیاره تاقیكردنه‌وه‌ى قۆناغی کۆتایی ئۆڵمپیادی نێودەوڵەتی (IBO) له‌كۆتایی مانگى حه‌وتى ئه‌مساڵ لە شاری ئاستانە لە وڵاتی کازاخستان بەڕێوەبچێت.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن