رێنمایی پێنەگەیشتووە

شارەوانی پێنجوێن شوێنی ئەو زەوییانەی دیاریکردووە کە بۆ فەرمانبەران ئامادەکراوە

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

شارەوانی پێنجوێن ژمارەی تەواوی فەرمانبەرانی قەزاکەی بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی وەرگرتووە و چاوەڕێی رێنمایین.

رەوف رەشید سەرۆکی شارەوانی قەزای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، تا ئێستا هیچ رێنماییەکانیان پێ نەگەیشتووە و تەنیا داوای ژمارەی فەرمانبەرانیان لێکراوە و ئەوانیش بۆیان ناردوون، کە دوو هەزار فەرمانبەرن.

باسی لەوەشکرد، زەوییەکانیان جیاکردووەتەوە بە سێ قۆناغ کاری لەسەردەکەن، قۆناغی یەکەمیان تەواو کردووەو تەنیا وەرگرتنی ژمارە ماوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کێشەی قەرەبووی جوتیارانی لەسەرە نەیانتوانییوە ئەو کارە بکەن.

بەوتەی سەرۆکی شارەوانی قەزای پێنجوێن، بەنزیکی 200 دۆنم زەوی کاری لەسەردەکرێت تاوەکوو پارچە پارچە بکرێت و جیابکرێتەوە بۆ پارچەی 225 مەتری یاخود 200 مەتری و پێ دەچێت 650 پارچە زەوی لێدەربچێت بۆ فەرمانبەران، چونکە ئەو زەویانە خزمەتگوزاری باخچە و مزگەوت و قوتابخانەی تێدایە، ئەو زەویانەی دابینکراوە دەکەونە نزیک جادەی باشماخ.

سەبارەت بە کێشەی قەرەبووی جوتیاران رەوف رەشید وتی، کاتێک دەچنە سەر زەوییەکان بۆ جیاکردنەوەیان جوتیاران رێگەیان پێنادەن و بەهۆی ئەوەی ئەو جوتیارانە نە تاپۆ و نە گرێبەستیان هەیە ناتوانن قەرەبوویان بکەنەوە چونکە کاتێک جوتیار داوای قەرەبوو دەکات دەبێت یەکێک لەو دوو بەڵگە پێشکەش بکات و ئەو کات ئەو زەویانەی تاپۆن بەرێژەی %20ی قەرەبووی هەیە و ئەوانەشی گرێبەستن بەرێژەی %13یان هەیە.

رۆژی 27.3.2024 ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستپێبکەن.