بەشێکی بردبوە ماڵەوە
زیاتر لە تۆنێک برنجی “ئەسپێ لێدراو” لە هەفتەبازاڕێکی خورماڵ گیرا
فەرهاد حەسەن
مەڵبەندى تەندروستى شەهيد عەلى شيعه لە خورماڵ هەوالێ دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە تۆنێک برنجی خراپبووی بڵاوکردووەتەوە کە لە چوار جۆر برنج پێکهاتبو و خاوەنەکەشیان رادەستی یاسا کرد.
دوای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتیەکەوە لیژنەی چاودێری تەندروستی خورماڵ ئاگادار کرایەوە کە لە یەکێک لە هەفتەبازاڕەکان برنجی خراپبوو هەیە، بەهاوبەشی لەگەڵ لیژنەی ئابووری خورماڵ چوونە شوێنەکە و کە دلنیا بوونەوە لە خراپبوونیم دەستیان بەسەردا گرت.
ئاماژە بەوە کراوە، کە خاوەنەکەی مەبەستی بووە فێڵ لە هاوڵاتیان بکات و بەسەریاندا ساغ بکاتەوە، لەکاتێکدا برنجەکەی پڕ لە ئەسپێی بوو، چەند فەردەیەکیشی لەماڵ دانابوو بەمەبەستی بێژانەوەی و دووبارە لە کیسکردنەوەی و ساغکردنەوەی لەبازاڕدا.
ئەو بڕە برنجەی دەستی بەسەردا گیراوە بریتی بووە لە هەزار و 297 کیلۆگرام، کە برنجی جۆری فاخر 42 فەردەی 25 کیلۆگرام کە دەکاتە هەزار و 50 کیلۆگرام، برنجی رونی حەوت فەردەی 25 کیلۆگرامی کە دەکاتە 175 کیلۆگرام، برنجی یاسەمین نۆ کیسەی 4,5 کیلۆگرامی کە دەکاتە 40 کیلۆ و 500 گرام و برنجی هاشمیش کە حەوت کیسەی 4,5 کیلۆگرامی بوو دەکاتە 31 کیلۆ 500 گرام.
خاوەن شوێنەکەش رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوەو ئەگەر بۆ جارێکی دیکە هەر حاڵەتێکی لەو جۆرە رووبدات، بە یەکجاری شوێنەکەی پێدادەخرێت.