"سێ پڵنگ بوون"

964 دیمه‌نێكی نوێی پڵنگێك له‌ شارباژێر بڵاوده‌كاته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

نوێترین دیمه‌نى پڵنگه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن كارمه‌ندێكى پاسه‌وانى سنووره‌وه‌ بۆ 964 نێردراوه‌، كه‌ سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌ سنوورى شارباژێر بینیویه‌تى.

پڵنگه‌كه‌ له‌ سنوورى ناوچه‌ى شینكایه‌تى، له‌نێوان هه‌ردوو گوندى سه‌فره‌ و زه‌رون بیندراوه‌.

دیار عه‌لى شێخه‌، كارمه‌ندى پاسه‌وانى سنوور، ئه‌م به‌یانییه‌ بۆ ده‌وامى فه‌رمی چووه‌ته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ و له‌رێگاكادا له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا پڵنگه‌كه‌ ده‌بینێت و ئه‌وه‌نده‌ى فریاى ده‌كه‌وێت به‌ موبایله‌كه‌ى گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ده‌گرێت.

دیار به‌ 964ـى وت، سه‌رەتا سێ پڵنگه‌ی بینى به‌یه‌كه‌وه‌ بوون، به‌ڵام تاوه‌كو موبایله‌كه‌ى ئاماده‌ كردووه‌ بۆ وێنه‌گرتن، دووان له‌ پڵنگه‌كان له‌به‌رچاوى وندەبن و ته‌نیا توانیویه‌تى دیمه‌نى ئه‌و تاكه‌ پڵنگه‌ تۆمار بكات.

وتیشی “ساڵى پاریش له‌هه‌مان شوێن له‌لایه‌ن كارمه‌نده‌كانمانه‌وه‌ جگه‌ له‌ پڵنگ كه‌متیار و به‌رزا و گورگیش بیندراون”.

ئه‌و شوێنه‌ى دیار باسیده‌كات نزیكه‌ى 20 كیلۆمه‌تر له‌ سنوورى نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆمارى ئیسلامی ئێران دووره‌.

تا ئێستا له‌ زۆر شوێن و ناوچه‌ى هه‌رێمی كوردستان پڵنگه‌كان بیندراون، له‌وانه‌ چیاى سه‌گرمه‌، قۆپییه‌كانى قه‌ره‌داغ، شاخى به‌مۆ، زنجیره‌ چیاكانى زاگروس و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌.

به‌ مه‌به‌ستى پاراستنى ئه‌م ئاژه‌ڵه ده‌گمه‌نه،‌ حکومەتی هەرێم له‌رێگه‌ى ده‌سته‌ى پاراستنى ژینگه‌وە، رێنمایی نوێی بۆ پاراستنی ئاژەڵی کێوی دەرکردووه‌ و سزای قورسیشی لە دژی ئه‌و كه‌سانه‌ دا‌ناوه‌ كه‌ به‌ناوى راوكردن ئه‌م جۆره‌ ئاژه‌ڵه‌ ده‌كوژن.

بەپێی رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2023 کە لە وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، هەر كەسێك پڵنگێك یان ورچێك بكوژێت، به‌ 20 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

پڵنگێكى هیلاك له‌ ناوچه‌یه‌كی كوردستان ده‌ركه‌وت

پڵنگێكى هیلاك له‌ ناوچه‌یه‌كی كوردستان ده‌ركه‌وت