کاتی سەیرکردنی رۆنی دوو محاویلە - وێنە: کارەبای سلێمانی
بۆ پاراستنیانە لە سووتان و تێکچوون
کارەبای سلێمانی رۆنی محاویلەکان دەگۆڕێت
964+
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رۆنی محاویلەکانی دەگۆڕێت و وتەبێژەکەی دەڵێت، ئامادەکارییە بۆ وەرزی گەرما و سەلامەتیی محاویلەکان.
لیژنەکە لە هەردوو بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای بەڕێوەبەرایەتییەکە کارەکان دەکەن و بەسەر محاویلەکانی ناوشاری سلێمانیدا دەگەڕێن.
“کارەکە سەرەتا تاقیکردنەوە و سەیرکردنی رۆنی محاویلەکانە، ئەو محاویلانەی رۆنەکەیان پیس بووبێت دەگۆڕدرێن و مەترسیی پیسیی رۆنەکەیان لەسەر لادەبرێت”، ئەوە قسەی سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانییە بۆ 964.
وتیشی، “ئەو کارە بۆ پارێزگارییە لە محویلەکانی سەر تۆڕەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان، کە رێ لە ئەگەری سووتانی محویلەکان دەگرێت بەهۆی تێکچوون و پیسبوونی رۆنەکانیانەوە”.
وتەبێژەکەی کارەبای سلێمانی ئامارێکی لا نییە چەند محاویلەیان بەهۆی خراپیی رۆنەکانیانەوە تێکچووبن یان سووتابن، بەڵام دەڵێت ئەو کێشەیەیان هەبووە.
دەشڵێت، “تا دروستبوونی گەرمای تەواو محاویلەکان چێک دەکرێن تا لە وەرزی گەرمادا کێشە دروست نەبێت و هاوڵاتیان بێکارەبا نەبن”.