بەڵام بەرهەمەکە کەمە

شیلکی بازیان پێگەیشتووە و خواستێکی زۆری لەسەرە

964+

پێشەوا محەمەد

شیلکی بازیان پێگەیشتووە و لەناو بازاڕی قەزاکە و عەلوەی سلێمانی خواستی زۆری لەسەرە، کشتوکاڵی بازیان دەڵێت، بەرهەمی شیلکیان کەمە، بەڵام بەتام و چێژە.

چەند رۆژێکە بەرهەمەکە پێگەیشتووە و تا ناوەڕاستی مانگی پێنج بەروبوومی دەمێنێت.

جەلال مەحمود، خاوەنی هەشت خانووی پلاستیکییە لە قەزای بازیان و چواریانی کردووە بە شیلک، بە 964ـی وت، بەرهەمی شیلکەکەیان دەنکی گەورە و سوور و تام و بۆنێکی زۆر خۆشی هەیە.

وتیشی، “بەرهەمەکەمان هێندە خواستی لەسەرە چەند هەفتەیەک بەر لە پێگەیشتنی لە عەلوەکانەوە دێنە لامان و پێشوەختە بەرهەمەکەمان لێدەکڕن”.

لە سنووری قەزای بازیان 16 هەزار خانووی پلاستیکی بوونیان هەیە، کە زۆرینەیان تەماتە و خەیار و کولەکە و سەوزە و هەندێ میوەشی تێدا بەرهەمدەهێندرێت، کە لەناویاندا شیلک هەیە.

زانیار تۆفیق، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بازیان بە 964ـی راگەیاند، بەرهەمی شیلکیان لە سنوورەکەیان زۆر نییە، بەڵام بەهۆی کوالێتی و خۆشییەکەیەوە خواستێکی زۆری لەسەرە.

وتیشی، “ئێمە بەردەوام لە رێگەی لیژنە زانستییەکانەوە چاودێریی ئەو خانووە پلاستیکیانە دەکەین تا دەرمانی کیمیایی بە رێژەی رێگەپێدراو بۆ بەروبوومەکان بەکاربهێنن”.

زەوییە کشتوکاڵییەکانی بازیان ئەمساڵ تێرئاون

زەوییە کشتوکاڵییەکانی بازیان ئەمساڵ تێرئاون