پێشبینیی چی دەکات؟
وتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی: ئێستا گونجاوترین کاتە بۆ کڕینی دۆلار
964+
دیلان محەمەد جەزا
“ئێستا دۆلار و دینار گەیشتووەتە ئەو ئامانجەی بانکی ناوەندی عێراق دەیویست، ئێستاش گونجاوترین کاتە بۆ کڕینی دۆلار” ئەمە قسەی جەبار گۆران، وتەبیژی بازاڕی دراوە لە سلێمانی.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 28.4.2024، لە کاتی داخستنی بازاڕی دراو، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بوو بە 144 هەزار و 850 دینار.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی، ئەوەشی بە 964 وت، “پێدەچێت دۆلار زیاتر داببەزێت و دوو هەزار دیناری دیکەی لێ ببێتەوە و بچێتە 143 بۆ 142 هەزار دینار، هۆکاری ئەو دابەزینەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردانی وەفدە باڵاکەی عێراق بۆ ئەمریکا”.
“بەو پێیەی ئەو پەیڕەوە نوێیە لە سیاسەتی دارایی و نەختینەی عێراقدا گیراوەتەبەر ئامانجی باشی پێکاوە، ئەمریکا پاڵپشتی سیاسەتی دارایی عێراق دەکات، بانکەکان پارەدار دەکرێن و ئەو بانکانەی لە رابردوودا کێشەی حەواڵەیان بۆ دەرەوە هەبوو، لەمەودوا بەربەستەکان لادەچن” جەبار گۆران وای وت.
بە قسەی وتەبێژی بازاڕی دراو بێت لە سلێمانی، “ئەو کەسانەی کار بە دۆلار دەکەن لەو نرخەی ئێستادا گونجاوە بیکڕن، لەبەر ئەوەی ئەگەر داببەزێت نزیکەی دوو هەزار دینار دادەبەزێت یاخود بەرز دەبێتەوە و نابێتە زیانێکی گەورە بۆیان”.
ئاڵوگۆڕەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری بە دراوی ئەو وڵاتانە خواست لەسەر دۆلار کەمدەکاتەوە، بەڵام جەبار گۆران وتی، “دۆلار لەم هەلومەرجەی ئێستادا نایەتە خوار 140 هەزار دینارەوە، بۆ ئەوەی جیاوازییەکی هەبێت لە نێوان بانکی ناوەندی و بازاڕدا و بازرگانەکان دۆلار بە نرخی هەرزان بکڕن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا