تەرمێك لە سەفین دۆزرایەوە

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

پۆلیسی هەولێر تەرمی كەسێكیان لە بناری چیای سەفین دۆزییەوە، دوو كەسیش بە تۆمەتی كوشتنەكەی دەستگیر كران.

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە، كه‌ تێیدا هاتوە “دوای ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر بە بێسەروشوێن بوونی کەسێک بە ناوی “بێستون حەوێز بەکر” لە لایەن بنەماڵەکەیەوە، کە له‌ رۆژی 7-1-2023  له‌ ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە، هه‌روه‌ها بڕی 50000 ھەزار دۆلاری ئەمەریکیشی پێبووە”.

هه‌روه‌ها له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ “تیمەكانی پۆلیس دوای بەدواداچوونیان بۆ كەیسی ونبووەكە، ئەمڕۆ لە بناری چیای سەفین لە گوندی قەڵاسنجی سەروو تەرمەكەی دۆزرایەوە”.

پۆلیسی هەولێر دەڵێت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ھێزەکانمان دوو تۆمەتبار دەستگیرکران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌، بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانیش رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی ھەولێر کراون.

جێی ئاماژه‌یه‌ تەرمی ئەم هاوڵاتییە دوای 11 رۆژ لە ونبونی، ئەمڕۆ بە كوژراوی دۆزرایەوە.